کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە قوڕ گرتنی دەرگای ئیدارەی کاری کرماشان

15:14 - 20 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: لاوێکی کرماشانی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر بێکاری لە پارێزگای کرماشان، دەرگای ئیدارەی کاری ڕێژیم لە کرماشانی بە قوڕ گرت.

لە گرتە ویدیوییەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، لاوێکی کرماشانی، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر بارودۆخی کار لەو پارێزگایە و قەیرانی بێکاری و ناڕوونی داهاتووی لاوانی کورد و کەمتەرخەمی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، دەرگای ئیدارەی کاری کرماشانی بە قوڕ گرت.

ئەو لاوە کوردە لە قسەکانیدا، ئاماژە بەوە دەکات کە زۆر لە ئیدارەکانی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشان هیچ کەڵکێکیان بۆ خەڵک نییە و هاوشێوەی ئیدارەی کار دەبێ دەرگایان بە قوڕ بگیردرێ، چونکە بۆ ئەوە دانەمەزراون، کاروباری خەڵک ڕاپەڕێنن.

لە گرتە ویدیۆییەکەدا دیارە کە ئەو لاوە کوردە لەوپەڕی ڕق و قین بەرامبەر بە بەرپرسانی ڕێژیم و ئیدارەکانیان و بە بوێرییەکی زۆر لە ڕۆژدا لە کاتی کراوە بوونی ئیدارەی کار، دەرگا و تابلۆی ئەو ئیدارەیە بە قوڕ دەگرێت، و داوا لە خەڵک دەکات کە بە نیسبەت مافەکانی خۆیان بێدەنگ نەبن.

پارێزگای کرماشان، چەندین ساڵە وەکوو بێکارترین پارێزگا لە ئاستی ئێران دیاری دەکرێت و کێشەی کار لەو پارێزگایە، چارەسەر نەبووە و بەرپرسانی ڕیژیم بە دروشم زۆرجار بەڵێنی چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە دەدەن بەڵام بە کردەوە نەتەنیا چارەسەر نەبووە بەڵکوو هەموو ساڵێک بە ڕێژەی بێکاران لەو پارێزگایە زیاد دەبێت.

هەرچەند کە پارێزگای کرماشان لە بواری سەرچاوەکانی ژێرزەوینی و ڕووزەوینی، زۆر دەوڵەمەندە و پوتانسیەلی ئەوەی هەیە کە ببێتە پارێزگایەکی سەنعەتی و پڕداهات بۆ خەڵکەکەی، بەڵام ڕێژیمی فاشیستی ئێران هاوشێوەی هەموو شارەکانی کوردستان، بە تاڵان کردنی سەرچاوەکانی داهات، ئەم پارێزگایەشی لە هەژاریدا هێشتۆتەوە.

بەپێی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، ٨٠ %ی کۆمپانیا و کارگەکانی کرماشان، داخراون و نەتەنیا هەوڵ نەدراوە بۆ زیاد کردنی کۆمپانیاکان و چارەسەرکردنی کێشەی بێکار بوونیان، بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ کەرتی سەنعەت لەو پارێزگایە بەرەو داڕمانی زیاتر دەڕوات.