کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنێوچوونی سەرچاوەی ئاوە ژێرزەوییەکانی پارێزگای ئیلام

16:01 - 20 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: سەرچاوەی ئاوە ژێرزەوییەکانی پارێزگای ئیلام ڕووی لە کەم بوون کردووە و خەریکە دەگاتە ئاستی قەیران.

ئەحمەد کەرەمی، جێگری پارێزگاری ئیلام، لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵدەری حکومەتی مێهر، باسی لەوە کردووە کە چەندین ساڵە کێشەی کەم ئاوی لەو پارێزگایەدا بوونی هەیە و هەنووکە گەیشتووەتە سنووری هوشدار و ئەگەر چارەسەرێکی بۆی نەدۆزرێتەوە، لەگەڵ قەیرانی ئاو بەروڕوو دەبین.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، هۆکاری کەم بوونی سەرچاوە ئاوییەکانی، بۆ وشکەساڵی و بەکارهێنانی بەشێکی زۆر لە سەرچاوە ئاوییەکان بۆ بەشی جوتیاریی زانیوە و باسی لەوە کردووە کە گۆڕانی بارودۆخی کەش و هەوا، مەترسییەکی زۆری خستووەتە سەر، ژینگەی پارێزگای ئیلام.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە، بەرپرسانی ڕێژیم بە درووست کردنی بەنداو و گۆڕێنی سیستمی ئاویاری زەوییەکان، بەڵینیان دابوو کە کێشەی ئاو چارسەر دەکەن، بەڵام درووست کردنی بەنداوی ناموهەندسی و جێبەبەجێ نەکردنی سیستمی تازەی ئاویاری، زۆرترین خەساریان بە سەرچاوە ئاوییەکان گەیاندووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، زولفەقار مەهدی زادە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ناوچەیی پارێزگای ئیلام، ڕایگەیاندووە کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان، سەرچاوەی ئاوە ژێرزەوییەکان لەو پارێزگایە، ٣٠ لەسەد کەمی کردووە و لەو پارێزگایەدا، شارەکانی مێهران و دێهلۆران، زۆرترین کێشەی کەم ئاویان هەیە.

سەرەڕای کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کەم ئاوی لە شارەکانی کوردستان، بە گواستنەوەی ئاوی کوردستان و بە بەنداو سازکردن و گۆڕینی ڕێگەی ڕووبارەکان بۆ بیاوانەکانی نێوەڕاستی ئێران، خەریکن کوردستان لەگەڵ قەیرانی ئاو نزیک دەکەنەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە زۆرترین سەرچاوەی ئاو لە ئاستی ئێران لە کوردستاندایە و ڕێژیمی فاشیستی ئێران بە ئاگاداری لە قەیرانی ئاو لە داهاتووی شارە فارس نشینەکان، بە گواستنەوەی ئاوی کوردستان، دەیهەوێت کێشەی ئاوی ئەو ناوچانە چارەسەر بکات.

لە کاتی سەرهەڵدانی کێشەی کەم ئاوی، زۆرجار هەواڵی ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی کوردستان لەهەمبەر گواستنەوەی ئاو بۆ ناوەندی ئێران، بڵاو بووەتەوە؛ تەنانەت لەگەڵ پۆلیس بە تایبەت لە ناوچەکانی لوڕستان، تێکهەڵچوونیان هەبووە و ئەگەری زۆربوونی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان و تێکهەڵچوون لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیم، ڕۆژ بە ڕۆژ زۆرتر دەبێت.