کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەنیا ٤ لەسەدی پێشانگای کتێبی سنە بۆ کتێبی کوردی دیاریکرابوو

16:03 - 20 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: لە حەوتەمین پێشانگای کتێب لە شاری سنە کە لەماوەی شەش ڕۆژدا بە ڕووی هۆگرانی کتێب کرابوویەوە، کەمترین ڕێژەی کتێبی کوردی لەو پێشانگایە پیشان درا.

جەلال قەلعەشاخانی، بەڕێوبەری گشتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی شاری سنە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەوڵدەریی تەسنیم ڕایگەیاند: لە پێشانگای کتێبی شاری سنە ٦٥ هەزار کتێب خرایە بەردەستی هۆگرانی کتێب، ناوبراو ئاماری چاپەمەنییەکانی تەرخانکراوی کتێبی کوردی بە ١٤ بڵاو کەرەوە ڕاگەیاند کە بە بەراورد لەگەڵ هەموو نووسەرانی ئامادەبوو لەو پێشانگایە تەنیا ٤ لەسەدی بۆ کورد تەرخان کرابوو.

قەلعەشاخانی هەروەها باسی لە پێشوازی بەربڵاوی خەڵک لەو پێشانگایە کرد کە ٧٣ هەزار کەس سەردانییان کردبوو؛ ئەم ئامارەشی بە نیشانەی بەرزی فەرهەنگی کتێب و کتێب خوێندنەوە لە نێو خەڵکی ئەم ناوچانە زانی، بەڵام باسی لە ڕەخنەی ئەو کەسانە نەکرد کە باسیان لە کەمی کتێبی کوردی کردووە.

پێویست بە ئاماژەیە کە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بەشی چاوەدێری بەسەر بەڕێوەچوونی پێشانگاکانی کتێب، ڕێگر بووە لە بەشداری نووسەرانی جیابیر و ناحكومی لە پێشانگا سەرتاسەری و پارێزگاکاندا و زۆربەی هۆڵەکان تەرخان کراوە بۆ کتێبە ئیسلامی و حکومەتییەکان، کە ئەم مەسەلە ناڕەزایەتی بەرفراوانی دەزگاکانی بڵاوکردنەوە و خوێنەرانی کتێبی لە سەرتاسەری ئێران لێکەوتووەتەوە.