کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیسان نرخی دۆلار لە ئێراندا بەرز بووەوە

15:30 - 23 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: لە ئێراندا دیسان نرخی دۆلار بەرز بووەوە و بەو بۆنەوە سەڕافییەکان، خۆیان لە فرۆشتنی دۆلار دەبوێرن.

مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ڕێگای هێزە ئینتزامییەکانەوە، تا ڕادەیەک توانی پێش بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بگرێت، لە چەند ڕۆژ پێش دیسان نرخی دۆلار بە ٤٩٠٠ تمەن و یۆرۆ ٥٩٠٠ تمەن گەیشت.

لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی ئیسنا سەر بە ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردۆتەوە، کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و یۆرۆوە، لە بازاڕەکانی ئێراندا بووەتە هۆی ئەوەی کە مامەڵە و کڕین و فرۆشتنی دۆلار ڕابگیرێت و هێندێ لە سەڕافییەکانی تاران، لە وڵامی هۆکاری نەفرۆشتنی دۆلار و یۆرۆ، ڕایانگەیاندووە، کە ئەو دراوانەیان نییە.

پێشتر کە بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران، فرۆشتنی دۆلار و دراوە دەرەکییەکانیان بە هەبوونی پاسپۆرت و کارتی میللی سنووردار کردبوو، بەڵام لەم ڕۆژانەدا سەڕافییەکان تەنانەت بە نیشاندانی پاسۆرت و کارتی میللیش خۆیان لە فرۆشتنی دۆلار و دراوە دەرەکییەکان دەبوێرن.

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەم ڕۆژانەدا، هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەی نرخی سوودی سپارتە بانکییەکان، بە هۆی گەڕانەوەی گەمارۆوەکان و گوشارە ئابوورییەکانە.

لەم پێوەندییەدا ڕەخنەگرانی ڕێژیمی ئێران، لەسەر ئەو باوەڕەن، کە بەرزبوونەوەی دۆلار و یۆرۆ بە مەبەستی قەرەبوو کردنەوەی کەمیی بوودجەی ڕێژیمە و بەم بۆنەوە ڕێژیم دەستی لە نێو بازاڕەکانی دۆلار وەر داوە.