کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە پێشێل کردنی مافی کەمینە مەزهەبییەکان

15:33 - 23 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: سەرەڕای ڕەخنەی بەردەوامی ڕێکخراوە جیهانییەکان لەمەڕ پێشێل کردنی مافی کەمینە مەزهەبییەکان لە ئێران، ڕێژیمی تاران بەردەوامە لە دەرکردنی حوکمی نایاسایی لەدژی پێڕەوانی ئەم مەزهەبانە.

کەمپەینی نا بۆ ئازار و زیندانی هاووڵاتییانی بەهایی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ڕۆحیە نەریمان و هاوژینەکەی، فەرزاد دێلارام بە تۆمەتی تەبلیغ بەدژی ڕێژیم و ئەندامەتی لە ڕێکخراوێکی بەهایی لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری شیرازەوە، بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.

لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام، بەهاییەکانی ئێران هاوشێوەی کەمینە مەزهەبییەکانی دیکە تەنیا بە تاوانی مەزهەبی جودا لە مەزهەبی فەرمی کۆماری ئیسلامی و هەر جارەو بە بیانوویەک خراونەتە ژێر گوشار و بە زیندانی درێژماوە و دەرکران لە زانکۆ، مەحکووم کراون.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە ڕەوشی ئازادییە مەزهەبییەکان لە جیهان، ناوی ئێرانی هاوتەریب لەگەڵ وڵاتانێکی وەک بێرمە، چین، ئێریترە، کۆرەی باکوور و سودان خستە لیستەی پێشێلکارانی ئەم بیاڤە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی ئامریکایی ئازادی نێونەتەوەیی مەزهەبیش نەتەنیا ئایینی بەهایی کە لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕێگەپێدراو نییە، تەنانەت ئەو ئایینزانەی کە لە یاساکانی ڕێژیمیشدا ڕێگەپێدراون، وەک زەردەشتییەکان، مەسیحییە ئاسورییەکان، ئەرمەنی و یەهوودییەکان، بەردەوام سەرکووت دەکرێن و مافەکانیان پێشێل دەکرێت.

یەکێکی دیکە لەو ئایینانەی کە لە ئێراندا بەردەوام سووکایەتی پێکراوە و هەوڵ بۆ بنبڕکردنی بەشێوەی سیستماتیک دراوە، ئایینی یارییە کە تایبەت بە کوردستانە و پێڕەوانی لەم ناوچانە دەژین: کرماشان، کرند و داڵاهوو، سەرپێڵ، هەرسین، گێڵان، لوڕستان، سەحنە، کەرکووک، لێواری زێی نێوان هەولێر – مووسڵ.

لە ساڵانی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی دەست‌وپێوەندییەکانییەوە هەوڵی سووکایەتی پێکردن بە پێڕەوانی ئایینی یاری داوە کە لە ئەنجامدا چەندین هاووڵاتی کوردی یارسان دەستیان داوەتە خۆکوژی.