کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری نێوخۆی رێژیم: پریشکەیەک بەسە بۆ ئەوەی وڵات ئاگر بگرێت

15:41 - 23 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: تەنیا لە ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەمەدا زیاتر لە ١٣ کۆبوونەوەی ئێعترازی بەڕێوە چوو کە ئەمە هاواری بەرپرسانی ڕێژیمی لێکەوتەوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و بەتایبەت ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمە، کرێکاران، کارمەندان، بازاڕییان، جووتیاران و خوێندکاران لە شارەکانی پیرانشار، یەزد، ئیسفەهان، ئابادان، ئەهواز، تاران، مەشهەد و چەندین شاری دیکە کۆبوونەوەی ئێعترازییان وەڕێخست کە هاواری بەرپرسانی رێژیمی لێکەوتەوە.

ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەمە، چالاکانی ژینگەپارێزی کورد لە خەرپاپی پیرانشار، جووتیاران و بازاڕییانی ئیسفەهان، کرێکارانی کاشی سازی کویر یزد، خوێندکارانی زانکۆی ئەمیرکەبیری تاران، کرێکارانی پۆڵای ئەهواز، خانەنشین کراوانی کۆمپانیای پۆڵا، پەیمانکارانی شارەداری تاران، ماڵخوراوانی دامەزراوەی ولایت اندیشە لە تاران، پێرسۆنێلی کۆمپانیای ماشین سازی زامیاد، کرێکارانی شارەداری ئابادان، کرێکارانی ایران پوپلینی ڕەشت و چەندین توێژی دیکە ڕێپێوان و کۆبوونەوەی ئێعترازییان وەڕێخست و لەبەرامبەر نادادپەروەری و سیاسەتە هەڵاواردنییەکانی رێژیم درووشمیان دا.

ئەم گردبوونەوە و مانگرتنە بەردەوامانە لە کاتێکدان کە عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی وەزیری نێوخۆی ڕێژیم، سەبارەت بە هۆکارەکان و بەردەوامی ئێعترازەکان وتوویەتی: هۆکارەکانی ناڕەزایەتی دەربڕین لەنێو نەچوون و تەنیا پریشکەیەک بەسە بۆ ئەوەی وڵات ئاگر بگرێت.

بەردەوامی ئەم ناڕەزایەتییانە و دژکردەوەکانی ڕێژیم لە کاتێکدان کە تەنیا چەند ڕۆژ ماوە بۆ جێژنی نەورۆز و بەوتەی خودی بەرپرسانی ڕێژیم بەشێکی بەرچاو لە خەڵک تەنانەت توانای دابین کردنی جل و خواردنی نەورۆزیان نییە.