کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستێفێن هاوکینگ کۆچی دوایی کرد

15:51 - 23 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: ئەستێرەناس و زانای دیاری بواری فیزیک لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمە، بنەماڵەی ستێفێن هاوکینگ لە ڕاگەیاندراوێکدا، مردنی باوکیان پشتڕاست کردەوە.

منداڵەکانی ستێفێن هاوکینگ لە بەشێکی بەیاننامەکەیاندا وتوویانە: باوکمان لێکۆڵەرێکی گەورە و پیاوێکی لێهاتوو بووە، کە بەرهەم و میراتەکانی بۆ ماوەی ساڵانێکی درێژ زیندوو دەمێنێتەوە.

هاوکینگ لە ڕێکەوتی ٨ی ژانویەی ١٩٤٢ لە شاری ئاکسفۆرد لە دایک بووە.

ستێفێن هاوکینگ بە یەکێک لە زانا گەورە و بلیمەتەکانی ئەم سەدەیە بە هەژمار دێت، کە لە ماوەی ٧٦ ساڵی تەمەنیدا سەرەڕای گیرۆدە بوونی بە نەخۆشی ALS، کە هەموو ئەندامەکانی جەستەی لە کار خستبوو و تەنیا مێشکی کاری دەکرد، چەندین کتێبی زانستی لە بوارەکانی فیزیک و گەردوونناسیدا چاپ و بڵاو کردووەتەوە و داهێنانی بەرچاوی لە بوارەکەی خۆیدا هەبووە.

ناوبراو خاوەنی کورسی باڵای زانکۆی کەمبریج و، ئەندامی ئیفتخاری کۆمەڵەی سەڵتەنەتی هونەر و براوەی مەدالیای ئازادی ئامریکا بوو کە ئەم مەدالیایە بە بەرزترین مەدالیای دەوڵەتی ئامریکا بۆ کەسانی سڤیل بە هەژمار دێت بووە.

لە ساڵی ٢٠٠٢ی زایینی، کەناڵی بی بی سی بە پێی ڕاپرسیەک لە خەڵک، ستێفێن هاوکینگی بە ٢٥ەمین پیاوی گەورەی بریتانیا لە مێژووی ئەو وڵاتە ناساند.

بەشێکی تر لەو خەڵاتانەی کە بە ستێفێن هاوکینگ لە ماوەی ژیانیدا دراوە بەم چەشنەن: پێشەنگایەتی زانست لە بواری فیزیکی بونیادی، شاکچی ستۆریاسی ئیسپانیا و خەڵاتی ئالبێرت ئەنیشتاین لە فیزیکی تیۆری، مێدالی فرانکلین، خەڵاتی بریکترۆ لە فیزیکی بونیادی و ... .

هەروەها ناوبراو کتێبگەلێکی نوسیوە، کە بەناوبانگترینیان بریتین لە: مێژووی زمان: لە بیگ بانگەوە هەتا چاڵە ڕەشەکان و دیزاینی مەزنە کە ئەم کتێبانە بە پڕفرۆشترین کتێب لە هەموو دنیا بە هەژمار دێن، کە هەموو چینەکانی کۆمەڵگا دەتوانن لێی تێبگەن و بیخوێننەوە.

ستێفێن هاوکینگ لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٥ لە لێدوانێکی لە زانکۆی ئاکسفۆرد وتبووی: لە بیرتان بێت سەرتان بەرزبکەنەوە و سەیری ئەستێرەکان بکەن، لە جیاتی ئەوەی سەیری خوارەو قاچەکانتان بکەن.