کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکس تەیلێرسۆن لەسەر کار لادرا و مایک پۆمپێئۆ چووە جێگاکەی

15:58 - 23 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ئاڵوگۆڕی لە بەرپرسایەتی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا پیک هێنا.

رؤژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، دانڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە پەیامێکی تویتەریدا هەواڵی لابردنی ڕێکس تەیلێرسۆنی لە پۆستی وەزیری دەرەوەی دەوڵەتەکەی و دانانی مایک پۆمپێئۆ، سەرۆکی ڕێکخراوی سیای لە جێگای ئەو، بڵاو کردەوە.

ناوبراو لەو بارەوە ڕایگەیاندووە: ئێمە لە هەندێ بواردا لەگەڵ ڕێکس تەیلێرسۆن هاوڕا نەبووین، بەتایبەت بە نسبەت چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ کۆریای باکوور و ڕێککەوتننامەی بەرجام، هەروەها نووسیویەتی: مایک پۆمپێئۆ سەرۆکی سیا، وەزیری دەرەوەی نوێی ئێمەیە و جێگای تەیلێرسۆن دەگرێتەوە و من دڵنیام کە بە ڕێکوپێکی کارەکانی دەکات.

ترامپ زۆر بە کورتی سپاسی زەحمەتەکانی ڕێکس تەیلێرسۆنی کردووە و لە بەردەم کۆشکی سپیدا بە ڕۆژنامەوانانی وتووە: ئێمە پێکەوە هەندێ کێشەمان هەبوو، بە نسبەت ڕێککەوتننامەی بەرجام کە من زۆر بە خراپی دەزانم بەڵام ئەو پێی باش بوو.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی مایک پۆمپێئۆ وەک وەزیری دەرەوە جێگای ڕێکس تەیلێرسۆن دەگرێتەوە، دانڵد ترامپ یەکێک لە ئەفسەرە باڵاکانی ڕێکخراوی سیا، بە ناوی (جینا هێسپل)ی وەکوو بەرپرسی ڕێکخراوی سیا، بۆ جێگاکەی مایک پۆمپێئۆ دەسنیشان کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری فەرانسە، یەکێک لە بەرپرسە پلە بەرزەکانی ئامریکایی بە نسبەت کێشە و ناکۆکی نێوان دانڵد ترامپ و ڕێکس تەیلێرسۆن وتوویەتی، ئەوان بەردەوام پێکەوە لەسەر هەندێ پرس ناکۆکیان هەبوو و دانڵد ترامپ لە چەندین ڕۆژ لەوەو پێشەوە باسی لە لادانی تەیلێرسۆن دەکرد.

وەزیری لەسەر کار لادراوی کاروباری دەرەوەی دەوڵەتی ترامپ، پاش ئەوەی بڕیاری لەسەرکار لابرانی خۆی پێگەیشتووە، لە یەکەمین هەڵوێستی فەرمیدا بە بێ ئەوەی هیچ ناوێک لە دانڵد ترامپ بێنێت ڕایگەیاندووە: تا کۆتایی مانگی مارس هەموو دەسەڵاتەکەم بە فەرمی ڕادەستی پۆمپێئۆ دەکەم.

مایک پۆمپێئۆ یەکێک لە ڕەخنەگرانی ڕێککەوتننامەی بەرجامە کە چەندین جار وێڕای دژایەتی کردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە، چەندین گەڵاڵەی دژ بە کۆماری ئیسلامی ڕادەستی کۆنگرە کردووە؛ ناوبراو پێی وایە دەبێ تەحریمەکانی چەکوچۆڵ بۆسەر ئێران زیاد بکرێن.