کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بونیادی داکۆکی لە دێموکراسی: سپای پاسداران دەبێت تەحریم بکرێت

15:59 - 23 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: لە دانیشتنی کۆمیسیونی هێلسینکیدا جەخت خرایەوە لەسەر گەمارۆدانی سپای پاسداران و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی لە دانیشتنی کۆمیسیونی هێلسینکی گرووپی ئەمنییەت و هاوکاری لە ئوروپا، لە ژێر ناوی چۆن ئەتوانین پێشێلکارانی مافی مرۆڤ و ئەو دەوڵەتمەردانەی کە سامانی وڵاتەکەیان بە تاڵان دەبەن گەمارۆ بدەین بە کۆبوونەوەی کارناسان لە شاری واشنگتونی ئامریکا، لەسەر کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران و سپای پاسداران، ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.

لەو دانیشتنەدا ناوی ڕێژیمی ئێران وەکوو پێشێلکاری مافی مرۆڤ و وڵاتیک کە گەندەڵی لە نێویدا هەیە، خراوەتە بەر باس و گەمارۆ خستنە سەر ئەو وڵاتەیان بە باشترین کار بۆ گۆڕینی ئامانجەکان و کردەوەکانی ئەو ڕێژیمە زانیوە.

بەڕێوەبەری گشتی بونیادی داکۆکی لە دێموکراسی، سەبارەت بە کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران و نەخشی سپای پاسداران، باسی لەوە کردووە کە، بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە وەکوو ئیمپراتوری ماڵی، دەستیان بەسەر ئێراندا گرتووە و سامانی ئەو وڵاتە لە پێناو ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان و دەستێوەردانەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست سەرف دەکەن.

مارک دوبوویتس، بەڕێوەبەری گشتی بونیادی داکۆکی لە دێموکراسی، ئاماژەی بە کێشە ئابوورییەکانی خەڵکی ئێران کردووە کە بووەتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی ئێران و خۆپیشاندان لەو وڵاتەدا و جەختی خستووەتە سەر ئەوەیکە دەبێت گەمارۆی زۆرتر بخرێتە سەر ئەو ڕێژیمە و سپای پاسداران کە جیا لە چالاکی نیزامی دەستی بەسەر ئابووریی ئێراندا گرتووە.

هەروەها باسی لەوە کردووە کە لەسەر گەندەڵی ئابووریی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، هەندێک لە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە گەمارۆ خراوەتە سەریان و چەندین بڕیار لەو بارەیەوە پەسەند کراون کە جێبەجێ دەکرێن.