کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: لە پشت هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕێژیمی ئێران هەیە

16:01 - 23 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئامریکا، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ سەربازانی بنکەی ئاسمانیی کالیفۆڕنیا، لەسەر بەرڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ئاخاوتنی کردووە.

دانڵد ترامپ، سەرکۆماری ئامریکا، لە ئاخاوتنێکدا بۆ سەربازانی بنکەی ئاسمانیی کالیفۆڕنیا، باسی لەوە کردووە، کە دەبێت لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان هاوکاری بکەین، هەتاکوو پێش بە گەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی بگرین و پاڵپشتییەکانی ئەو ڕێژیمە لە تێرۆریزم و خوێنڕشتن لە جیهاندا، کۆتایی بهێنین.

ترامپ لەسەر کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران، وتوویەتی: کە ئەو ڕێژیمە لە پشتی هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و سەرچاوەی شەڕەکانی ئەو ناوچەیە و گەورەترین پاڵپشتی تێرۆریزم لە جیهانە، کە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە دەکات.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەرجام خراپترین ڕێککەوتنی مێژووی ئامریکایە و دەبێت دەستکاری بکرێت و چوار مەرجی بۆ پێبەندبوونی ئامریکا بە بەرجام داناوە: ڕێگەدان بە سەردانی لێژنە نێونەتەوەیییەکان لە شوێن و بنکە ناوکییەکانی ئێران، هەتاهەتایی بوونی سنوورداربوونی بەرنامە ناوکییەکانی ئەو ڕێژیمە، گارانتی کردنی سازنەکردنی چەکی ناوکی و سنوورداربوونی بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران.

جێگەی ئاماژەیە کە ترامپ ١٢٠ ڕۆژی دیاری کردووە، بۆ دەستکاریی بەرجام و هاتنە دەرەوە لەو رێککەوتننامەیە کە کەمتر لە مانگێکی ماوە.