کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیرین عێبادی پشتیوانی لە ئێزەدییەکانی کوردستان کرد

16:06 - 23 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: لە کۆنگرەی مافی پێکهاتەکان کە لە وڵاتی سویس بەڕێوە چوو، چالاکی مافەکانی مرۆڤ شیرین عێبادی پشتیوانی لە ئێزەدییەکانی کوردستان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، شیرین عێبادی چالاکی مافی مرۆڤ لە کۆنگرەی مافی پێکهاتەکاندا، باسی لەوە کردووە کە بەهۆی بەردەوامی ئەو زوڵم و ستەمانەی کە بەسەر ئێزەدییەکان هاتووە، پشتیوانیی تەواوی خۆم لە ئێزدییان دەکەم.

عیبادی باسی لەوەش کردووە، داوام لە ئەندامێکی دەستەی ژینۆسایدی نێودەوڵەتی کە خۆی ئێزەدییە کردووە، لە سەر دۆخی کچانی ئێزەدی و ڕەوشی ژیانیان لە کەمپی ئاوارەکاندا ڕاپۆرتێک ئامادە بکات بۆ ئەوەی زانیاریی تەواوم لەسەر ئێزەدییەکان هەبێت و پشتگیرییان بکەم.

لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینییەوە چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر قەزای شەنگال و گوندەکانی دەوروبەریدا گرت و چەندین کاری تاوانکاریی و کۆمەڵکوژیان دژ بە کوردانی ئێزدی ئەنجام دا و دەیان ژن و کچی ئێزەدیان ڕفاند و دەستدرێژیان کردە سەریان.

هێزێكی پێشمەرگەی کوردستان تا ئێستا چەندین گۆڕی به کۆمەڵی کوردانی ئێزەدی دۆزیوەتەوە و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش نیسبەت بە کۆمەڵکوژیی ئێزەدییەکان هۆشداری داوە.

شیرین عێبادی چالاکی مافی مرۆڤ، خەڵکی شاری هەمەدانی ئیرانە و یەکەم ئێرانییە کە لە ساڵی ٢٠٠٣دا خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی بە دەست هێناوە.