کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی نوێی هەڵوەشاندنی کۆنسێرتەکان لە ئێراندا

16:18 - 23 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لەم مانگەدا، چەندین کۆنسێرتی هونەرمەندانی ئێرانی، لە سەرتاسەر ئێراندا هەڵوەشاندۆتەوە.

کۆنسێرتی گرووپی وەزیری، بە سەرپەرەستیی کەیوان ساکت ئاهەنگساز و گورانیبێژ، کە بڕیاربوو لە ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە شاری مەشهەد بەڕێوە بچێت، بە هۆکاری نادیار لە لایەن بەناو دادگری ئەو شارە هەڵوەشایەوە.

هەروەها کۆنسێرتی عەلیڕەزا قوربانی، لە شارەکانی ساری و خوراسانی ڕەزەوی و کونسێرتی فەرزاد فەرزین، لە شاری سەبزەوار لە لایەن بەناو دادگری شارەکان هەڵوەشایەوە.

کەیوان ساکت، لەو بارەوە، وتوویەتی: کە سەرەڕای وەرگرتنی مۆڵەت لە ئیدارەی ئیرشاد، لە دانیشتنی شۆرای فەرهەنگی شارۆچکەی بینالوود سەر بە شاری مەشهەد، بڕیار دراوە کە کۆنسێرتەکە هەڵوەشێتەوە و هێزە ئینتزامییەکانی ئەو شارە، ئەو بڕیارەیان بە ئیدارەی ئیرشاد ڕاگەیاندووە و لە کۆتاییدا هەڵوەشایەوە.

لەسەر هەڵوەشاندنی ئەو کۆنسێرتانە، بەرپرسانی ڕێژیم هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە و باسیان لە هۆکارەکانی نەکردووە.

لە سیستمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، مۆسیقی حەرامە و ئەو ڕێژیمە هەموو هەوڵی خۆی دەدات، بۆ پێشگرتن لە ڕێوڕەسمەکان و بەگشتی لەگەڵ هونەر کێشەی هەیە و سیاسەتە نامرۆڤەکانی خۆی بە سەر دنیای هونەردا داسەپاندووە و بە ناوی ئیسلامەوە دژایەتی هونەر و بوارە ئەدەبیی و زانستە ئینسانییەکان دەکات.