کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ ٧مین ساڵی شەڕی نێوخۆیی سووریه

14:44 - 24 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: ماوەی نزیک بە یەک دەیەیە کە شەڕی نێوخۆیی سووریە بەردەوامە بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو کێشەیه چارەسەر بکات.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی واتە ٧ ساڵ لەمەوبەر خەڵکی سووریە دژی ڕێژیمی بەشار ئەسەد ڕاپەڕین تاکوو گۆڕان لە ڕێژیمی میراتیی سووریەدا پێک بێنن بەڵام هیچ کەس بیری لەو نەکردبۆوە کە هەستانەوە بۆ گۆڕانی ڕێژیمێکی خوێنڕێژ ببێتە خەونێک بۆ ئازادی و بە خوێن جواب بدرێتەوە.

ئێستا شەڕی سووریه خوێناویترین و ئاڵۆزترین کێشەی سەدەی ٢١ە کە تا ئێستاش هەر درێژەی هەیە؛ شەڕێک کە لە دەستبەسەرکردنی چەند منداڵی قوتابخانەوە دەستی پێکرد و تا ئێستا ٥٠٠ هەزار کوژراوی داوە و میلیۆنان کەسیش بەهۆیەوە ئاوارە بوون.

شەڕی سووریه لە درێژەی بەهاری عەربی‌دا دەستی پێکرد، بەڵام لە سووریەدا ئەو بزووتنەوەیە چەقی و ڕێڕەوێکی دیکەی بەخۆیەوە گرت و تووشی شەڕی نێوخۆیی بوو.

لە شەڕی نێوخۆیی سووریەدا وڵاتانی وەک ڕووسیە، ئامریکا، تورکیە و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستێوەردان دەکەن وئەوەش بووەتە کایەی دۆمینۆ کە کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوخۆی سووریەی دژوارتر کردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە واشنتۆن، لەندەن، پاریس، ڕیاز، قەتەر و ئانکارا پشتیوانیان لە خەڵکی ڕاپەڕیو دژی بەشار ئەسەد کرد بەڵام ڕێژیمی تاران و مۆسکۆ لەگەڵ ئەسەد بەرەیەکیان پێک هێنا کە بەرەیەکی کارەساتبار و خوێناوی بووە و ئێستاش بەرۆکی خەڵکی ئەو وڵاتەی بەرنەداوە.

دوای شەڕی نێوخۆیی سووریە، گرووپە ئیسلامییە توندڕەوکان هاتنە نێو بازنەی ئەو شەڕە و شەڕی سووریە ئاڵۆزتر بوو؛ ڕێژیمی ئەسەد تا ئێستا چەندین جار چەکی شیمیایی دژی خەڵکی وڵاتەکەی بەکار هێناوە بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێدەنگی هەڵبژاردووە.

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر شەڕی سووریه، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران یەکەم لایەن بوو کە دەستێوەردانی لەو شەڕەدا کرد و زیاترین جەنایەتی خوڵقاند و تا ئێستاش درێژەی پێ دەدات و تا ئێستاش زیاترین تێچووی گیانی و ماڵی داوە.

ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، محەممەدعەلی شەهیدی مەحەلاتی، سەرۆکی بونیادی کوژراوانی ڕێژیم ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٢١٠٠ کەس لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریه کوژراون.

مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵ محەممەد بنی حەسەن فەرماندەی بەسیجی معاونت حمل و نقل و ترافیک تهران لە بەنێر و پۆستێرەکانی ڕێوڕەسمی ئەربەعەیندا بڵاوی کردەوە کە ٣ هەزار کەس لە ئەندامانی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە سووریه کوژراون.

ئاماری کوژرانی ٣ هەزار کەس لە کاتێکدایە کە تا ئێستا بە شێوەی فەرمی ئامارێک لە تەلەفاتی ئەندامانی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە سووریه لە بەردەستدا نییه.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە دوای تەلەفاتی گیانیی زۆری ئەندامانی ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسداران و ناڕەزایەتیی بەرینی بەرپرسانی ئەمنییەتی و نیزامیی ڕێژیم بە کوژرانی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە، بەهاری ئەمساڵ ئەرتەشی ڕێژیمیان بۆ سووریە ڕەوانە کرد.

شەڕی سووریه جیا لە تەلەفاتی ماددی، تێچووی ماڵیی زۆریشی بۆ ڕێژیمی ئێران هەبووە کە لەو پێوەندییەدا ڕەفسەنجانی ڕەخنەی توندی لە بەرپرسانی ڕێژیم گرتبوو.

له‌ سه‌ره‌تای ده‌سپێكی سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی سووریه‏وە‌، پاسدار و بەسیجییەکانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و حاشاهه‌ڵنه‌گه‌ر شان به‌ شانی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ڕێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د، دژ به‌ به‌رهه‌ڵستكارانی ڕێژیمی به‌عسی سووریه‌، شه‌ڕیان كردووه‌.

بەپێی دوایین ئامارەکان لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریەوە، زیاتر لە ٣٣٠ هەزار هاووڵاتیی سووری کوژراون و زیاتر لە ٥ میلیۆنی دیکەش ئاوارە بوون.