کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆمپێئۆ، بەرجام و هەڕەشەی نیزامی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران

14:51 - 24 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: دوای لە سەر کار لابردنی ڕێکس تەیلێرسۆن وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا و دانانی مایک پۆمپێئۆ بۆ ئەو پۆستە، هەڕەشە و گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زیاتر بووە.

بڵاڤۆکی فارێن پالێسی ئامریکا لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە دانانی مایک پۆمپێئۆ بۆ پۆستی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا داهاتووی بەرجامی لێڵتر کردووە و ئەگەری هێرشی نیزامی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زیاتر دەکات.

مایک پۆمپێئۆ پێشتر سەرۆکی ڕێکخراوی سی.ئای.ئەی بووە و یەکێک لە دژبەرانی سەرسەختی بەرجامە و لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئامریکا بەردەوام دژی ڕێککەتننامەی بەرجام قسەی کردووە و ئێستاش بە دانانی ناوبراو بۆ ئەم پۆستە داهاتووی بەرجام ناڕوونتر بووە و ئەگەری هێرش بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زیاتریش بووە.

پۆمپێئۆ ئەندامی بزووتنەوەی تی پارتی لە حیزبی کۆماریخوازانە و ڕاستگەرایە؛ ناوبراو هەروەها ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی چەک و گرووپی لابیی پەرەپێدان بە چەکی گەرمە.

مایک پۆمپێئۆ لە سەر ئەو باوەڕەیە کە دەبێ گەمارۆی چەک‌وچۆڵ دژی ڕێژیمی تاران زیاتر بکرێت و داوای ئەوەش دەکات کە ڕێکاری توند و دژوارتر دژی ئەو ڕێژیمه بگیرێتە بەر.

هاوکات کارناسانی ئەندێشکەدەی هادسۆن، باسیان لەوە کردووە کە هەڵبژاردنی پۆمپێئۆ کردەوەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران خێراتر دەکات.

کارناسانی ئەو ئەندێشکەدەیە باسیان لەوە کردووە کە هێرشی نیزامی دژی ڕێژیمی تاران و گۆڕانکاری لە بەرجام‌دا بەهێزتر دەبێت.

کارناسانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە ڕێکس تەیلێرسۆن لە ئاستی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتیدا نەیتوانیوە سیاسەت و بڕیارەکانی ترامپ بە باشی بەڕێوە ببات، بۆیه ترامپ ناوبراوی لە سەر کارەکەی لادا.

رؤژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، دانڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە پەیامێکی تویتەریدا هەواڵی لابردنی ڕێکس تەیلێرسۆنی لە پۆستی وەزیری دەرەوەی دەوڵەتەکەی و دانانی مایک پۆمپێئۆ، سەرۆکی ڕێکخراوی سیای لە جێگای ئەو، بڵاو کردەوە.