کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و هاوڕێیانی پێشوو کۆ بوونەوە

16:08 - 24 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ شاندێکی هاوڕێیانی پێشوو کۆ بووەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، شاندێکی هاوڕێیانی پێشوو، بە سەرەپەرەستیی مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتی سەردانی بنکەی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن شاندێکی حیزبی دێموکراتەوە، بە سەرپەرەستیی مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێ کرا.

لەم کۆبوونەوەدا، مستەفا مەولوودی، ئامانجی سەردانەکەیانی، پێشکەش کردنی پەیامی پیرۆزبایی خۆیان، بە بۆنەی کۆتایی هاتنی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی ١٦هەمی حیزبی دێموکرات لە ڕێبەری حیزب ڕاگەیاند و هیوای سەرکەوتنی بۆ ڕێبەری حیزبی دێموکرات و بە ئاکام گەیاندنی ئەرکەکانیانی خواست.

پاشان مستەفا هیجری، لەسەر بڕیار و ئاکامی کۆنگرە و زیاتر دەرەتان ڕەخساندن بۆ هاوکارییەکانیان لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ئێران، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و لەسەر ئەوە جەختی کردەوە، دەبێ کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بواری سیاسیدا شوێندانەر بێت.

شاندی میوانیش وێڕای قەبووڵ کردنی ئەو ڕاستییە ئامادەیی خۆیان بۆ قۆستنەوەی هەر دەرفەتێک بۆ بوون بە هێزی شوێندانەر لە پرۆسەی سیاسیی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات راگەیاند.

لە کۆتایی ئەو باس و ڕاگۆڕینەدا لەسەر هاوکارییەکان جەختیان کرد و لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی ئەوە سەردانە سپاسی لێ کردن.