کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات هۆشداری بە بەکرێگیراوان دا

14:07 - 25 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری بە جاش و بەکرێگیراونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دا، کە دەست لە کار و کردەوە دژە گەلییەکانیان هەڵبگرن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاونیشتمانییە بەڕێزەکان!

هۆگرانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان!


سپای پاسدارانی ڕێژیمی خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە هۆی بەکرێگیرانی خۆفرۆشەوە لە کوردستان، دەستی داوەتە پیلانێکی دزێو کە بەو هۆیەوە لە ناو و هێماکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە کەڵکوەرگرتن لە بەڵگە و نامەی ساختەچی و تەزویر، وێڕای هەڕەشە و گوڕەشە و گوشار بە داوای پووڵ و پارە لە خەڵکی کەمداهاتی گوندەکان، هەوڵی ڕووتاندنەوە و ترساندن و تۆقاندنیان دەدات و خەسار لە بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان دەدات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لە زیاتر لە پەنجا گوندی ئەو ناوچەیە وەها پیلانێکی قێزەونی وەڕێ خستووە و نووسراو و داوای لەو جۆرەیان کە بووەتە هۆی دڵەڕاوکی و بێزاریی خەڵکی ئەو دەڤەرە بڵاو کردۆتەوە.

بەم هۆیەوە پیلانگێڕان و بەرماولێسانی دەستەمۆی سپای سەرکوتکەری پاسداران، لە ناوچەکە ئاگادار دەکەینەوە کە بەڕێوەبەرانی ئەو کردارە دژە گەلییە بۆ تێکۆشەرانی دێمۆکرات ناسراون و لە ئەگەری درێژەدانی ئەو کردەوانەدا، دەکەونە بەر سزای تاوانەکانیان و گەلەکەیان لێیان نابوورێت.

لە خەڵکی دێمۆکراتپەروەری ناوچەی مەرگەوڕیش داوا دەکەین، کە وریایی خۆیان لە هەمبەر هەموو دوژمنکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بپارێزن و پیلانەکانیان پووچەڵ بکەنەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی