کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوندی نێ لە گەمارۆی ڕێژیمدایە

14:00 - 26 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: هێزە دژی گەلییەکانی رێژیم هێرشیان کردە سەر خەلکی گوندی نێ و حکوومەت نیزامییان لەم گوندە ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەشەمە، چەکدارانی سەر بە سپا و ئیتلاعاتی رێژیم هێرشیان کردە سەر گوندینێی شاری مەریوان و پێشیان بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پێشوازی کردن لە جێژنی نەورۆز لەو گوندە گرت.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، خەڵکی گوندی نێ ویستوویانە لە بەرەبەری جێژنی نەتەوەیی نەورۆزدا ڕێوڕەسمێک بەڕێوە ببەن، کە لەلایەن چڵکاوخۆرەکانی سەر بە سپا و ئیتلاعاتەوە پێشی پێگیرا و شەڕ لە نێوان خەڵک و هێزە حکوومەتییەکان هاتە ئاراوە.

بەپێی ئەم هەواڵە، لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا، کە لە نێوان خەڵک و هێزکانی حکوومەتی ڕوویدا، چەند ماشینێکی هێزەکانی حکوومەتی تێکشکێندراوە، لە بەرامبەریشدا هێزەکانی ریژیم دەستیان گرتووە بە سەر ئۆرگ و کەرەستەی موسیقایی و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

دەوترێ، کەشوهەوای نیزامیی زاڵە بە سەر گوندی نێدا و هاتوچۆ لەو گوندەدا، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە قەدەغە کراوە.

گوندی نێ یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوانە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام بە ئەنجامدانی چالاکی نیشتمانپەروەرانە و ڕێزگرتن لە بۆنە نەتەوەییەکان، تەواوییەتی کۆماری ئیسلامی بە چالش کێشاوە.