کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆکان بە شێوەیەکی بەشکۆ بەروپیری نەورۆز دەچێت

15:19 - 26 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: خەڵکی شاری بۆکان لە بەرەبەری نەورۆزدا ڕێورەسمێکی بەشکۆیان لە کێوی تەرەغە بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، خەڵکی تێکۆشەری بۆکان سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە بەرەبەری هاتنی سەری ساڵی نوێی کوردی، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان لە کێوی تەرەغەی ئەو شارە بەڕێوە برد.

لەو ڕێوڕەسمەدا چالاکیی جۆراجۆر بەڕێوە چووە وخەڵک پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانیان بە بۆنەی نەورۆز بڵاو کردووەتەوە و پیرۆزبایی نەورۆزیان لە خەڵک کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا خەڵکی بۆکان بە جامانە و جلوبەرگی خاکییەوە شایی و هەڵپەڕکێیان کردووە و بەرەو پیری ساڵی تازە رۆیشتوون.

چالاکانی مەدەنیی و سیاسی کوردستان بە وەڕێخستنی کەمپەینێک لەژێر ناوی نەورۆزی خاکیپۆشەکان داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی بە ڕەنگی خاکی، لەگەڵ جامانە و گوڵوەنی لە ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز دا بەشداری بکەن.

چالاکانی مەدەنیی و سیاسی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە هێزی پێشمەرگە ئەم کەمپەینەیان بە ناوی نەورۆزی خاکیپۆشەکان ناودێر کردووە و ڕایانگەیاندووە: پێشمەرگە ئەو كەسانەن كە هەموو قورسایی خەباتیان لە سەر شان بووە؛ لە ڕاستیدا ئەوان بوون كە باری قورسی كوردایەتییان هەردەم هەڵگرتووە.

ئەو کەمپەینە لەگەڵ پێشوازی بەرینی کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرەوڕوو بووەتەوە و ئەوان بە هەشتەکی نەورۆزی خاکیپۆشەکان(# نەورۆز_خاکیپۆشەکان) پشتیوانی خۆیان لەو کەمپەینە دەربڕیوە.