کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتننامەی بەرجام

15:27 - 26 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: کۆمیسیۆنی هاوبەشی بەرجام، بە بەشداری نوێنەری ڕێژیم، یەکیەتی ئۆرووپا و نوێنەرانی شەش زلهێزی جیهانی، ڕۆژی هەینی لە ڤییەن کۆ بوونەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری ئاسۆشیتێدپرێس، ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی کۆمیسیۆنی هاوبەشی بەرجام، بە بەشداری نوێنەرانی یەکیەتیی ئۆرووپا، نوێنەرانی شەش زلهێزی جیهانی و هەروەها نوێنەری ڕێژیمی ئێران، لە ڤییەن پێتەختی وڵاتی ئۆتریش، کۆبوونەوە.

برایان هوک، نێردەی تایبەتی ئامریکا بۆ دانیشتنی ڤییەن، ڕۆژی هەینی خۆشحاڵی خۆی لەهەمبەر دانیشتن و وتووێژ لەگەل سێ هاوپەیمانی ئۆرووپایی ئامریکا دەربڕی و ڕایگەیاند: سەرەڕای بوونی بۆچوونی جیاواز لەسەر بەرنامەی ناوکی و ڕێککەوتننامەی بەرجام بە هەندێک ڕێککەوتن لەمبارەوە گەیشتووین.

عەباس عێراقچی پیش لەو دانیشتنە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەشەمە لە کۆبوونەوەی کومیسیۆنی ئەمنیەتی میللی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلسی ڕێژیمدا رایگەیاندبوو، لابردنی ڕێکس تەیلێرسۆن نیشانەی چوونە دەرەوەی دانڵد ترامپە لەو ڕێککەوتننامەیە، هەروەها ناوبراو هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر ئامریکا لە بەرجام بکشێتەوە ئێرانیش لەو ڕێککەوتننامەیە دەکشێتەوە.

دانڵد ترامپ تەنانەت پێش لە بەدەسەڵات گەیشتنی یەکێک لە ڕەخنەگرانی ڕێککەوتننامەی بەرجام بوو، ناوبراو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەو ڕێککەوتننامەیە زۆر خراپە و چەندین کێشە و کەموکۆڕی گەورەی هەیە، ئەو لە دوایین هەڵوێستیدا هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر تا ڕێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی ئەو ڕێککەوتننامەیە چاکسازی تێدا ئەنجام نەدریت، ئامریکا لە بەرجام دەکشێتەوە.