کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ دەستێوەردان لە کاروباری عێراق بەردەوامە

15:32 - 26 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: وەزیری بەرگری ئامریکا لە لێدوانێکی نوێدا باسی لە پیلانێکی نوێی رێژیمی تاران لەمەڕ ناسەقامگیرترکردنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین کرد.

ژنراڵ جەیمز مەتیس، وەزیری بەرگری ئامریکا لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ئامریکا باسی لە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بە کەڵک وەرگرتن لە پارە بۆ دزەی زیاتر لە عێراق و دەستێوەردان لە کاروباری هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەم وڵاتە کرد و ڕایگەیاند: ئەمە هەوڵێکی نوێی تارانە بۆ ناسەقامگیرتر کردنی ناوچە.

ناوبراو وتوویەتی: ئێمە کۆمەڵێک بەڵگەی جێگەی نیگەرانیمان لە بەردەستدایە کە دەیسەلمێنێ کۆماری ئیسلامی بە دانی پارەی خەیاڵی هەوڵی دەستێوەردانی زیاتر لە ناوچە و عێراق دەدات.

ئەم قسانەی ناوبراو دوابەدوای ئەوە دێنە ئاراوە کە حەوتووی ڕابردوو، ژنراڵ مەک مەستێر ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نیشتمانی ئامریکا وتبووی: کۆماری ئیسلامی ١٦ میلیارد دۆلاری ڕادەستی بەشار ئەسەد و گرووپە تێرۆریستییەکانی خۆی کردووە.

ژنراڵ مەتیس هەروەها وتوویەتی: دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچە جێگەی نیگەرانین؛ تاران چەک و تەقەمەنی ڕادەستی سوریە و حووسییەکانی یەمەن دەکات و کەنارە باشوورییەکانی یەمەنی کردووەتە گۆڕەپانی ڕمبازێن و تاقیکاری مووشەکی خۆی لەوانەش مووشەکی دژە کەشتی و ڕادار و مووشەکی بالستیک.

ئەم لێدوانەی بەرپرسانی ئامریکا لەهەمبەر دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری وڵاتانی ناوچە هاوکاتن لەگەڵ ڕەخنە و گازندەی بەشێکی بەرچاو لە نووسەران و ڕووناکبیرانی کورد و عەرەب لە عێراق، بە چەشنێک کە بەشێکیان دەڵێن: عێراق بووەتە حیاط خلوتی ئێران.