کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ورمێ پارە لە خەڵک وەردەگرێت

21:00 - 26 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە هۆی ئەوەیکە ناتوانێت بەشی ماڵیی خۆی دابین بکات، ئەو ناوەندە سەرکوتگەرەی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان بە هەڕەشە و گوڕەشە پارە لە خەڵک دەستێنێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بەکرێگیراون و جاشەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە ناردنی نامەی هەڕەشەئامێز بۆ دانیشتوانی گوندەکانی ئەو ناوچەیە، داوای یارمەتی ماڵیان لە خەڵک کردووە.

سپای تێرۆریستی پاسداران ئەو نامە هەڕەشەئامێزانەی خۆی بە ناوی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ خەڵکی ناوچەکە بەڕێ کردووە.

لەو نامانەدا هەڕەشە لە خەڵک کراوە ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی کە بۆیان دیاری کراوە، نەیدەن لە داهاتوودا باجێکی قورس دەبێ بدەن.

لە بەرانبەر ئەو کردەوە بێ‌ئابڕوانەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیانییەکدا هۆشداری بە جاش و بەکریگیراوانی ڕێژیم داوە و ڕایگەیاندووە؛ سپای پاسدارانی ڕێژیمی خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە هۆی بەکرێگیرانی خۆفرۆشەوە لە کوردستان، دەستی داوەتە پیلانێکی دزێو کە بەو هۆیەوە لە ناو و هێماکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە کەڵکوەرگرتن لە بەڵگە و نامەی ساختەچی و تەزویر، وێڕای هەڕەشە و گوڕەشە و گوشار بە داوای پووڵ و پارە لە خەڵکی کەمداهاتی گوندەکان، هەوڵی ڕووتاندنەوە و ترساندن و تۆقاندنیان دەدات و خەسار لە بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان دەدات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لە زیاتر لە پەنجا گوندی ئەو ناوچەیە وەها پیلانێکی قێزەونی وەڕێ خستووە و نووسراو و داوای لەو جۆرەیان کە بووەتە هۆی دڵەڕاوکی و بێزاریی خەڵکی ئەو دەڤەرە بڵاو کردۆتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو نامەیەی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌دا هاتووە، بەم هۆیەوە پیلانگێڕان و بەرماولێسانی دەستەمۆی سپای سەرکوتکەری پاسداران، لە ناوچەکە ئاگادار دەکەینەوە کە بەڕێوەبەرانی ئەو کردارە دژە گەلییە بۆ تێکۆشەرانی دێمۆکرات ناسراون و لە ئەگەری درێژەدانی ئەو کردەوانەدا، دەکەونە بەر سزای تاوانەکانیان و گەلەکەیان لێیان نابوورێت.

هاوکات کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوای لە خەڵکی دێمۆکراتپەروەری ناوچەی مەرگەوڕیش کردووە، کە وریایی خۆیان لە هەمبەر هەموو دوژمنکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بپارێزن و پیلانەکانیان پووچەڵ بکەنەوە.