کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دیسان وەک تێرۆریست ناسێندرا

14:39 - 27 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: بنەماڵەی قوربانیانی تەقینەوەی ١٩٩٤ی زایینی لە ئارژانتین، حیزبوڵڵا و ڕێژیمی ئێرانیان بە تاوانباری کردەوەی تێرۆریستیی ناوەندی هاوکاریی یەهوودییەکان دەزانن.

خەڵک و کۆمەڵی یەهوودییەکانی ئارژانتین، لە ٢٦ـەمین ساڵوەگەڕی بۆمب دانان لە باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە بوینس ئایرس، یادی کوژراوانی ئەو هێرشە تێرۆریستییەیان بەرز ڕاگرت و خوازیاری بەدواداچوونی جیددی بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو تێرۆرە بوون.

حکوومەتی ئارژانتین هەتا ئێستە سێ جار بە شێوەی فەرمی، ڕێژیمی ئێرانی وەک بەرپرسی تەقینەوەی تێرۆریستی ئامیا، ناوەندی هاوکاریی یەهوودییەکان زانیوە.

٢٦ ساڵ لە کوژرانی ٢٢ کەس لە باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە ئارژانتین تێپەڕیوە و بنەماڵەی کوژراوان، کە ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕەشەمە لە ناوەندی نیشتمانیی بۆ بیرەوەری و مافەکانی مرۆڤ لە ئارژانتین کۆ بوونەوە، هەروا خوازیاری بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و ناساناندنی ئەنجامدەران و بڕیاردەرانی ئەو تاوانە ترسناکەن.

بنەماڵەی ئەو قوربانیانە ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵا، وەک تاوانباری سەرەکی لەو ڕووداوەدا دەزانن و دەڵێن: هاتنە سەرکاری حکوومەتی نوێ، ئەوانی بۆ دادخوازی ئومیدەوار کردووە.

واڵدو وڵف، بەرپرسی شاندی نوێنەرایەتی کۆمەڵی یەهوودییەکانی ئارژانتین لەو بۆنەیەدا وتوویەتی: حکوومەتی ئێستە، حکوومەتێکە کە پەیمانی هاوکاری و یادداشتی لێکتێگەیشتنی مۆرکراوی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران وەلا ناوە. حکوومەتێکە کە سەربەخۆیی بۆ بەشی دادوەری گەڕاندۆتەوە، تا بتوانن بە هەبوونی ئازادی تەواو سەبارەت بە واژۆکردنی ئەو پەیمانە و دۆخی دادوەر ئالبێرتۆ نیسمان، ڵیکۆلینەوە ئەنجام بدات.

بۆمب دانان لە باڵیۆزخانەش لە ڕەوتی ئەو ڕووداوانە بە هەڵکەوت نییە و دەزانین کە حیزبوڵڵای لوبنان بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لەو کارەدا نەخشی هەبووە.

بێجگە لە دەست هەبوونی ڕێژیمی ئێران، لە تەقاندنەوەی باڵوێزخانەدا، حکوومەتی ئارژانتین هەتا ئێستە سێ جار بە شێوەی فەرمی، ڕێژیمی ئێرانی وەک بەرپرسی تەقینەوەی تێرۆریستی ئامیا ناوەندی هاوکاریی یەهوودییەکان، لە ساڵی ١٩٩٤ ناساندوە و دادگری ئاژرانتین لە ئوکتوبری ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی دوای ١٢ ساڵ لێکۆڵینەوەی بەربڵاو، لە دژی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانیش داوای کرد، بە فەرمی کۆماری ئیسلامی بە تاوانبار بزانن.

ئالبێرتۆ نیسمان، دادوەری دۆسییەی ئامیا، کە بەرپرسی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە کردەوەی تیرۆریستیی ناوەندی یەهوودییەکانی ئارژانتینی لە ئەستۆ بوو، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە پشتیوانیی ماڵی لە تەقینەوەی ئەو ناوەندە لە ئارژانتین تاوانبار کردبوو و خوازیاری گرتن و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە ڕێبەرانی ڕێژیمی ئیسلامی، وەک موحسێن ڕەزایی، عەلی‌ئەکبەر هاشمیی‌ڕەفسەنجانی، عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی و پاسدار ئەحمەد وەحیدی لە لایەن پولیسی نێودەوڵەتی (ئینتێرپۆل) ببوو.

ئەوە یەکەم جاره، کە بۆنەی بیرەوەری قوربانیانی باڵوێزخانە لە شوێنێکی دیکە و لە ناوەندی نیشتمانی بۆ بیرەوەری مافەکانی مرۆڤ لە ئارژانتین بەڕێوە دەچێت.