کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارتی ئازادیی کوردستان و حیزبی دێموکرات کۆ بوونەوە

14:06 - 28 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: لە دیداری نێوان پارتی ئازادیی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەسەر دۆخی نێوخۆیی ڕێژیمی ئێران و دۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات قسەیان کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، شاندێکی پارتی ئازادیی کوردستان، بە سەرپەرەستیی حوسێن یەزدانپەنا سەرۆکی ئەو پارتە، سەردانی بنکەی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لە لایەن شاندێکی حیزبەوە بە سەرپەرەستیی مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبەوە پێشوازیان لێ کرا.

یەزدانپەنا مەبەستی لەم سەردانەی نوێکردنەوەی پێوەندییە سیاسییەکان و پیرۆزبایی کردنیان بە بۆنەی کۆتایی هاتنی کۆنگرەی ١٦هەمی حیزب کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات و ڕاگۆڕینەوە لەسەر چۆنیەتی پێوەندییەکان بە ئامانجی هاوکاریی دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند.

لەم دانیشتنەدا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لەسەر ڕەوشی سیاسیی ڕێژیمی ئێران و ئەو قەیرانە هەمەلایەنانەی که ڕێژیم لەگەڵی بەرەوڕوو بووەتەوە، باسێکی پێشکەش کرد.

هیجری باسی لە وەزعی شپرزەی ئابووری، زیاتر بوونی ئاستی بێکاری، گرانی و دابەزینی نرخی تمەن لە بەرانبەر دراوی بیانی، سەرکەوتنی خەڵکی ئازادیخواز و مافخوازی ئێران بە شێوەیەکی سامناک و بەردەوامبوونی ڕێژیم لە سیاسەتی نکۆڵیکردن لە مافە سیاسی و نەتەوەیییەکانی گەلانی ئێران، بەتایبەت گەلی کورد و سیاسەتی دەستێوەردانی ڕێژیم لە کاروباری وڵاتان و پشتیوانی کردن لە تێرۆریزم کرد.

لێپرسراوی گشتیی حیزب، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە هەڵوێستی ئازادیخوازانەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و کوردستان و ڕاپەڕینەکانی بەفرانباری ئەمساڵی شارەکان بەتایبەت خۆپێشاندانی کرماشان کرد. بەشێکی دیکەی باسەکەی مستەفا هیجری لەسەر بەرنامە و ئاکامی کۆنگرە و هەوڵەکانی حیزب بۆ هاوکاریی لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو.

پاشان حوسێن یەزدانپەنا وێڕای سپاس لە پێشوازی شاندی حیزب، ڕاوبۆچوونی خۆیانی لەسەر باس و بابەتەکان دەربڕی و سەرنج و تێبینییەکانی خۆیانی لە بواری سیاسی، هاوکارییەکانیان لە ئاستی کوردستانی ئێران وەک زەروورەتێکی سیاسی و مێژوویی باس کرد و وەزاڵەهاتنی کۆمەڵانی خەڵک لە بواری ئابووری و ژیان و گوزەرانەوە خستە بەر دیدی بەشدارانی کۆبوونەوەکە.

لە کۆتاییدا هەر دوو لایەن، لەسەر هاوکارییەکانیان جەختیان کردەوە.