کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە کۆنفڕانسێک لە شاری لەندەن

14:49 - 28 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە کۆنفڕانسێکدا، کە لە لایەن حیزبی تەزامۆنی دیمۆکراتیکی ئەحواز ڕێکخرابوو بەشداری کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بریتانیا پێکهاتوو لە هاوڕێیان ڕامبۆد لووتفپووری، بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و فەرید دەیهیم بەرپرسی پێوەندییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات، بەشدارییان لە کۆنفڕانسێکدا لە شاری لەندەن کرد.

ئەو کۆنفڕانسە، کە لە لایەن حیزبی تەزامۆنی دێموکراتیکی ئەحواز و لەژێر ناوی دابینبوونی مافی نەتەوەکان سەرەکیترین مەرجی وەدیهاتنی دیمۆکراسی لە داهاتووی ئێراندایە ، ڕێکخرابوو.

کۆنفڕانسەکە لە چەندین پانێل و بە بەشداریی چەندین حیزبی کوردی و ئێرانی بەڕێوە چوو.

لە پانێلی یەکەمی کۆنفڕانسەکەدا، ڕامبۆد لووتفپووری باسی لەوە کرد، که ئێمە باس لە دێموکراسی و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێراندا دەکەین. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو باسە و لایەنەکانی ئەو باسە، پێویستە ئاوڕێک لە ڕابردوو و مێژووی پێکهاتنی دەوڵەت ـ نەتەوەکان چ لە وڵاتە پێشکەوتووەکان و لە حاڵی گەشەدا بدەینەوە. ڕەوتی درووستبوونی دەوڵەت ـ نەتەوەکان لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، ڕەوتێکی سروشتیی ـ گوورانی بووە و دروستبوونی دێموکراسی، ناسیۆنالیزم، یا هەمان نەتەوە لە ڕەوتێکی سروشتی ـ گوورانیدا پێکهاتووە. ئەو دەوڵەتانەی ئورووپاش درووست بوونە، کە لەسەر ئەساسی یەک نەتەوە دامەزراوە یا چەندین نەتەوە.

ناوبراو لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە دروستبوونی دەوڵەت ـ نەتەوە لە ئێراندا ڕەوتێکی سروشتی نەبووە و لە ئێراندا نیزامیكی ناوەندگەرا نەتەوەسازیی سەپێندراوە و لە سەردەمی ڕەزاشادا یەک نەتەوە بوون بە سەر ئێرندا سەپاوە، ئەویش بە نموونە وەرگرتن لە تورکیه.