کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوپای تورکیە چووە نێو عەفرین

15:00 - 28 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: ئەرتەشی تورکیە و گرووپەکانی بەناو سوپای ئازادی سووریە چوونە نێو عەفرین.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمە، شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان، دوای ٥٨ ڕۆژ بەرگرییەکی حەماسەخولقێنانەی کچان و کوڕانی عەفرین، بەرانبەر بە ئەرتەشی تورکیە و سپای ئازادی سووریە، سوپای تورکیە و سوپای ئازادی سووریە چوونە ناو شاری عەفرین و هێزە کوردییەکان لە ناوەندی ئەم شارەدا کشانەوە.

لە ساتی چوونە ناو شاری عەفرین و داگیرکردنی، جیهادییەکان دەستیان داوەتە تاڵانی دارایی و سامانی خەڵک و بێڕێزی کردن بە سیمبۆلە پیرۆزەکانی کورد.

ساڵح موسلیم لە تویتێكیدا، ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند، کە کشانەوەی هێزەکانیان لە شاری عەفرین تاکتیکێکی جەنگییە و شەڕی پارتیزانی دەست پێ دەکەن.

هەروەها هاوسەرۆکی کانتۆنی عەفرین ڕایگەیاند، ئەوان دەبنە مۆتەکە بۆ تورکیە و وتیشی: هێزەكانمان لە هەموو شوێنێكی عەفرینن، لەمەوبەدوا لە هەموو شوێنەكاندا هێرش دەكەینە سەر هێزە داگیركەرەكانی توركیە و چەكدارە بەكرێگیراوەكانیان.

ئەرتەشی تورکیە لە کاتی هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی بۆ سەر شاری عەفرین، بە کوشتنی خەڵکی سڤیل و کۆمەڵکوژی تۆمەتبار کراوە، کە لە دوایین هێرشە ئاسمانییەکانی، یەکێک لە هێرشێكانی بۆ سەر نەخۆشخانەی ئەم شارە بووە، کە بە هۆیە ١٦ کەسی سڤیل گیانیان لە دەست داوە.

لەگەڵ هێرشەکانی ئەرتەشی تورکیە و سوپای ئازادی سووریە، بە هەزاران خێزانی خەڵکی شاری عەفرین بەرەو شارەکانی دیکە ئاوارە بوون، کە بەشێک لەوان لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی سووریە، لە شار و ماڵەکانی خۆیان ئاوارە ببوون و بەرەو عەفرین ڕۆیشتبوون.

بەپێی دوایین ئاماری تەندروستیی عەفرین: ٢٨١ کەسی سڤیل گیانیان له ‌ده‌ست داوە و ٧٠١ خەڵکی سیڤیلی دیكه‌ بریندار بوون.

هەتا ئێستە ڕێکخراوە جیهانیەکانی مافی مرۆڤ، یان نەتەوەی یەکگرتووەکان کاردانەوەیەکی جیددیان بەرانبەر بە کوژرانی خەڵکی مەدەنی لە عەفرین نەبووە.