کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری داخرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تلێگرام لە ئێراندا

15:13 - 28 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: لەژێر گوشاری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، شۆرای بەرزی دونیای مەجازی، گەڵاڵەی داخستن و فیلتێرکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرامی پەسەند کردووە.

ئەبۆلحەسەن فیروزئابادی، بەرپرسی شۆرای بەرزی دونیای مەجازیی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕایگەیاندووە: کانالی تێلێگرام بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتوانە توانیویەتی، هەموو هاونیشتمانیانی ئێرانی پێکەوە گرێ بدات و بەخێراییەکی زۆر کار دەکات، لە حاڵێکدا هیچ سەختەئامێر و نەرمەئامێرێکی لە دەستی ئێمەدا نییە.

ناوبراو بەردەوام بوونی تێلێگرامی بەسوود نەزانیوە و لە نووسراوەیەکدا کە لە ماڵپەڕی خبر آنلاین بڵاوی کردۆتەوە، ڕایگەیاندووە: ئێمە هیچ جێگرەوەیەکی نێوخۆییمان بۆ تێلێگرام نییە، ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە فەرهەنگی بێسەروبەرەیی بڵاو دەکاتەوە، بۆیە ئێمە بڕیارمان وایە، کە فیلتێری لەسەر دابنەین و دایبخەین.

ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەشەمە، حەمیدە زەڕئابادی، ئەندامی کۆمیسیۆنی سەنعەتەکانی مەجلسی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندبوو: شۆرای بەرزی دنیای مەجازیی ئێران، پەسەندی کردووە، کە لە ساڵی ٩٧ی هەتاوییەوە تێلێگرام لە ئێران دابخرێت و فیلتێری لەسەر دابندرێت.

لەو بارەوە قسەکانی جێگری دادوەری گشتیی ڕێژیم، دەتوانن ڕێگەخۆشکەری ئەو کارە بن، کە ناوبراو پیشتر ڕایگەیاندبوو: نە تەنیا تویتێر و یوتیوب ئازاد ناکرێن، بەڵکوو بە زووترین کات دنیای مەجازیی وڵاتەکەمان لە نفووزی بێگانەکان پاک دەکەینەوە.

هەواڵەکان لە پێوەندیی لەگەڵ داخرانی تێلێگرام لە ئێران لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە، کە ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە، یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین تۆڕی کۆمەڵایەتی لەو وڵاتەیە و زیاتر لە ٤٠ میلیۆن خەڵکی ئێران کاری پێ دەکەن.