کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بۆ خۆدزینەوە لە کێشەکان، لەگەڵ هەستی خەڵک کایە دەکات

15:44 - 28 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ٨ هەزار مامۆستا ڕادێنێت، هەتا لە قوتابخانەکان نوێژ بە کوالیتییەکی باشەوە بەڕێوە بچێت.

دوو بەرپرسی ڕێژیم لە وەزارەتی پەروەردە و ڕێکخراوی قوتابخانەکان لە ئێراندا، ڕایانگەیاندووە، کە ٨ هەزار مامۆستای قۆناغی سەرەتایی بۆ بەڕێوەبردنی نوێژی باشتر لە قوتابخانەکان پەروەردە دەکرێن.

ئەم دوو بەرپرسە هەروەها باسیان لەوە کردووە، کە لە ڕێگای نامەوە قوتابخانە نادەوڵەتییەکانیش ئاگادار دەکرێنەوە، کە ١٥ لەسەدی ئەو پووڵانەی کە لە باوک و دایکی قوتابیان وەردەگیردرێت، بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری فەرهەنگیی بەتایبەت نوێژ، تەرخان بکرێت.

جێگری بەشی بارهێنان و فەرهەنگیی وەزارەتی پەروەردە، عەلیڕەزا کازمی، کە هەواڵی ڕاهێنان و پەروەردەی ٨ هەزار مامۆستای بۆ کاروباری فەرهەنگیی و بەڕێوەبردنی نوێژ ڕاگەیاندووە، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتوویەتی: جێژنی ئەرکداربوونی کوڕان بە بەشداریی خامنەیی و بەرنوێژیی ڕێبەری ڕێژیم بەڕێوە دەچێت و ئاماژەی بەوە کردووە، کە یەکێک لە کاروبارە فەرهەنگییەکانی ئەم وەزارەتە پەرەپێدانی فەرهەنگی نوێژە.

لەم بارەوە عەلی باقرزادە، سەرۆکی نهضت سوادآموزی داوای ئەوەی کردووە، کە پەرە بە فەرهەنگی نوێژ لە نێو بنەماڵەکان بدرێت، هەتا ڕێژەی قوتابیانی نوێژخوێن لە نێو قوتابخانەکان بچێتە سەرەوە.

وەزیری وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەشەمە، لە نێو ئەندامانی ستادی نوێژی وتوویەتی: لە دنیای پڕ لە دڵەڕاوکێ و ئاڵۆزی ئەمڕۆدا نوێژ، قوتابیان لە دەست خەسارە کۆمەڵایەتییەکان ڕزگار دەکات، بۆیە بەڕێوەچوونی نوێژ لە قوتابخانەکاندا لە هەموو بابەتێک پێویستترە.

هەموو ئەم بەرنامە و پیلانانەی ڕێژیم بۆ بەلاڕێ بردنی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانە و دەرخەری ئەوەیە، کە ڕێژیم لە جیاتی چارەسەریی بنەڕەتیی کێشەکان، پەنا بۆ هێندێ بابەت دەبات، کە پێوەندی بە سیاسەت و پلانی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵاتەوە نییە و تەنیا بەشێکی تایبەت لە ژیانی خەڵکە.