کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەرکووک، کرماشان، عەفرین، نەورۆز

00:18 - 29 رەشەمه 2717

کەریم پەرویزی

ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، ساڵێک بوو پڕ لە رووداوی مێژوویی بۆ کوردستان و بۆ کورد؛ رووداوی مێژوویی دەتوانێ هەم تاڵ و هەم شیرین بێ، بەڵام بە رادەی گەورەیی رووداوەکە، دەتوانێ لە مێژوودا دەنگ بداتەوە یان بە مانایەکیتر مێژوو بخوڵقێنێ.

چەند بڕگەی گرنگی مێژووی ئەمساڵ بریتین لە:

یەکەم کەرکووک: دوای رێفراندۆمێکی مێژوویی کە لە باشووری کوردستان بەڕێوە چوو و وەکوو بەڵگەیەکی مێژوویی دەمێنێتەوە کە نەتەوەی کورد چییان دەوێ و لە چ خاکێک چەندە دەنگی هێناوەتە، دوژمنانی کورد و بەتایبەتی دوژمنی سەرەکیی کوردستان و کورد واتە رێژیمی ئێران، بە پیلان هێرشیان کردە سەر کوردستان و کەرکووکیان داگیر کرد.

ئەم رووداوە لە مێژووی کوردستاندا وەکوو تراژێدیایەکی هەمیشەیی دەمێنێتەوە، کە بە پیلانی دوژمنان و بە هاوکاریی دەستی نێوخۆیی کورد، کارەساتێک بە سەر ئەم نەتەوەیەدا هات.

دووهەم کرماشان: لە کارەساتێکی سروشتیدا، بوومەلەرزە لە کوردستانیدا و بەتایبەت لە ناوچەکانی کرماشان زۆرترین خەسار و زیانی مرۆیی و ماددیی لێکەوتەوە کە هێشتاش کارەساتەکە بەردەوامە و قوربانی دەگرێ و بە دەیان هەزار کەس بێ ماڵ و لەژێر دەواری بێپەناییدا دەژین. ئەم کارەساتە مرۆیی و رووداوە سرووشتیە، لە لایەن دوژمنی کوردستان واتە رێژیمی ئێرانەوە کرا بە دەرفەتێک بۆ ئەوەی گوێیان پێنەدا و بە کارەساتی سروشتی کورد تێدا بچێ و کوردستان وێران ببێ؛ لە وەڵامیشدا نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵات بە هانای هاونیشمانیانی کوردیانەوە چوون و حەماسەیەکیان خوڵقاند کە لەمێژوودا دەمێنێتەوە.

سێهەم: لە عەفرین دەوڵەتی تورکیە بە بیانووی بوونی لقێکی سەر بە پ ک ک ، هێرشی کردە سەر ئەو بەشە لە خاکی کوردستان و رۆڵەکانی عەفرینیش خۆڕاگرییەکی بێوێنەیان کرد. داستانی خۆڕاگریی ژنان و پیاوانی عەفرین وەکوو داستانێکی گەورە لە مێژوودا دەمێنێتەوە، هەرچەند لە ئاکامی ئەو هێرشەدا عەفرین کەوت و هێزی تورکیە چوونە ناو شارەوە. خۆڕاگریی عەفرین لایەنێکی دیکەی هەیە کە بریتییە لە سیاسەت و بەرنامەی هەڵەی حیزبێکی کوردی کە پێویستە کورد ئەزموونی لێ وەربگرێ، کە هەرچەند خۆڕاگریی عەفرین لەبیرنەکراوە و مێژووییە، نابێ ببێتە هۆی ئەوەیکە هۆکارەکانی ئەو شکستە تاڵە و ئەو دۆڕانە گەورەیە نەبینین.

ئەم سێ بڕگە سەرەکییە لە سێ بەشی کوردستان، وەکوو داستانەکانی زنجیرەیەک لە بیرەوەریی مێژوویی نەتەوەیەک و خاکێک، دەمێننەوە. سێ رووداوی جیاواز کە هەرکامەیان چەند لایەنێک لە ژیانی نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان دەگێڕنەوە و مێژوویەک دەخوڵقێنن. چوونکە هەستی نەتەوەیی و درککردن بە بوونێکی هاوبەشی نەتەوەیی تەنیا بە نووسین و لێدوان نابێ، بەڵکوو رووداوە تاڵ و شیرینەکانی مێژوون کە ناسنامەیەکی مێژوویی دەخوڵقێنن. مەرج نییە تەنیا حەماسە بتوانێ داستانی نەتەوەیەک بێ و ناسنامەی بۆ دروست بکا، بەڵکوو تراژێدیش ئەو توانایەی هەیە کە ببێ بە هێزێکی هاندەر کە نەتەوەیەک هەستی هاوبەشیان تێدا بەهێز بێ و ببێ بە پارامێتری پێکهێنەری ناسنامەی نەتەوەیی بۆیان؛ وەک چۆن لە نێو پێڕەوانی ئایینی یەهوود مێژووی پڕ لە کارەسات و هۆلۆکاست بۆتە ناسنامەیان و نەتەوەیەکی بەهێزی لێ خوڵقاندون، بۆ کوردستان و کوردیش دەتوانێ هەم تراژێدیاکان و هەم داستانی خۆڕاگری و هەم حەماسەخوڵقاندنەکان، ناسنامەی پێ ببەخشن.

لێرەدایە کە دەگەین بە رمزێکی گرنگی کوردستان و کورد کە ئەویش نەورۆزە؛ ئەو رووداوە تاڵ و کارەسات و هەروەها حەماسانەی کورد، زۆرجار لە مێژوودا نیشانی داوە کە لە نەورۆزدا بە زمانێکی نەتەوەیی و جەماوەری وەرگێڕدراوەتەوە سەر کردەوەیەکی هاوبەش و هێمای سەرهەڵدانەوە و رسکانەوەو راسانی نەتەوەیی بوووە. نەورۆز بنەمایەکی گرنگی بوونی نەتەوەییمانە چوونکە ناسنامەی بوونمان بەهێزتر دەکاتەوە، ئێمە نەتەوەیەکین کە لە نێو کارەساتەوە بە سەرهەڵدانەوە و راسانەوە خۆڵەمێشی سووتانەکانمان دەتەکێنین و حەماسە دەخوڵقێنین؛ کورد سەرفراز و کوردستان ئاوەدان و نەورۆزمان پیرۆز.