کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی دانڵد ترامپ بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێ

14:37 - 29 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە پەیامی پیرۆزبایی نەورۆزی سەری ساڵی نوێ ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی لەگەڵ خەڵکی ئێران و ئامانجەکانیان دەبێت.

دانڵد ترامپ ڕۆژی دووشەمە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە کرد، کە هاتنی بەهار و سەری ساڵی نوێ جێژن دەگرن.

ناوبراو لەو پەیامەیدا، ڕوو لە خەڵکی ناڕازیی ئێران وتوویەتی: ٢٥٠٠ ساڵ پێش داریوش، لە خودا پاڕایەوە، هەتا ئێران و خەڵکەکەی لە سێ بەڵڵا هێزە داگیرکەرەکان، وشکساڵی و درۆ بپارێزێت، کە بەداخەوە ئەمڕۆ سپای پاسداران نوێنەری هەر سێی ئەو بەڵڵایانەیە.

ترامپ لەو بارەوە ڕایگەیاندووە: یەکەم، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، لە بنەڕەتدا ئێرانی نییە، خەڵکی ئێران سەرکوت دەکات، مافەکانیان پێشێل دەکات و تاڵانیان دەکات، هەتا لە دەرەوەی سنوورەکان پشتگیری لە تێرۆریزم بکات، دووهەم، سپای پاسداران بە هۆی دروست کردنی بەنداوی زۆر لە بەردەم ڕێڕەوی ئاوەکان، بووەتە هۆی وشکبوونی بەشێکی زۆری خاکی ئێران و لەو ڕووەوە خۆڵبارینەکانیش زیادیان کردووە، سێهەم بەڵڵاش ئەوەیە کە سیاسەتی فەرمی ئەو ڕێژیمە فریودانی خەڵکە و سپای پاسدارانیش بە سانسۆر و سەرکوت و بڵاوکردنەوەی درۆ، ئەو ڕاستییەی کە ڕێژیم سەرمایەی ئێران بەتاڵان دەبات و هەڵسوکەوتی خراپ لەگەڵ خەڵکەکەی دەکات، دەیشارێتەوە.

لە کۆتاییدا ترامپ وتوویەتی: خەڵکی ئێران چاوەڕوانی هاتنی بەهاری هیواکانیانن و با دڵنیا بن کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەگەڵ ئەوان دەمێنێتەوە، هەروەها ناوبراو بە نوێنەرایەتی خەڵکی ئامریکا هیوای ئەوەی بۆ خەڵکی ئێران خواستووە، کە لە ساڵی نوێدا بە ئامانجەکانیان بگەن و لە تاریکی و بەڵڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕزگاریان ببێت.