کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەسرین قاسملوو، جێژنی نەورۆزی لە تێکۆشەرانی دێموکرات و ژنانی کوردستان پیرۆزبایی کرد

15:04 - 29 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: هاوسەری شەهید دوکتور قاسملوو، ڕێبەری نەتەوەی کورد، پەیامێکی بە بۆنەی جێژنی نەورۆز ڕوو لە خەباتکارانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هاوسەری شەهید دوکتور قاسملوو، ڕێبەری نەتەوەی کورد، پەیامێکی بە بۆنەی جێژنی نەورۆز ڕوو لە خەباتکارانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ژنانی کوردستان بڵاو کردەوە و داوای لێ کردوون، کە بە هەنگاوی قایمەوە درێژە بە خەبات بدەن.

دەقی ئەو پەیامە بەم چەشنەیە:

پەیامی نەورۆزیی نەسرین قاسملوو، به خەباتکارانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

دۆستانی بەڕێز!


کوردەکان لە سەرجەم ماف و ئازادییەکانیان وەک نەتەوەیەک بێبەشن، هیچ کات لە ژیانێکی ئاسان و بەختیاریان نەبووە. بەو دۆخەی کە ساڵانێکە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە، سەرەڕای ئومید بە ڕۆژانی باشتر، ژیان بۆ کوردەکان دژوارتر بووە.

بە ڕوانینێکی دوور بە دۆخی ئێستای ناوچەکەدا، ناتوانین پێشبینی هیچ شتێک بکەین. دۆخەکە هەر ڕۆژ پڕ لە کوشتارە و ئاڵۆزتر دەبێت و بۆیە پێشبینی ناکرێت. لەو دۆخەدا دژوارتر ئەوەیە، کە پەرتەوازەیی لە ڕیزی حیزبە سیاسییەکانی کورددا هەیە. لە کاتێکدا کە خەباتی یەکگرتوو لەژێر ئاڵایەکدا دەیتوانی ئارمان و ئامانجەکانی کورد بەرەوپێش ببات. ئەگەر ئەو دۆخە، به دەسەڵاتی درێژماوەی ئاخوندەکان لە ئێراندا و سیاسەتی بێڕەحمانەی ئەوان نیسبەت بە خەڵک و هەروەها سیاسەتی زلهێزەکانی نیسبەت بەو وڵاتانەی کە کوردەکان تێیدا ژیان دەکەن زیاد بکەین؛ دۆخەکە ئاڵۆزتر بەرچاو دەکەویت و داهاتووی نزیکی گەلانی ناوچەکە خوێندنەوەی بۆ ناکرێت و دژوار دەبێت.

هەوڵ دەدەم ڕوانینێکم نیسبەت بە دۆخی ئێوە خەباتکارانی ڕێگای ئازادی هەبێت. دەزانم ژیانی ئێوە پڕە لە بێبەشی و ناخۆشییەکان و خەمباری بۆ لە دەستدانی نزیکان و هاوسەنگەرانتان. لەوەی کە ناتوانم کارێک بکەم و ناتوانم ئیتر لای ئێوە ببم، زەجر دەکێشم و خەمبارم دەکات.

بە هاتنی نەورۆز، خولەکێک نییە، کە بیر لە ئێوە نەکەمەوە. بۆیە جێژنی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێتان پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لێ دەکەم و ئارەزووی ئەوە دەکەم، لە ڕێگای خەباتدا هەنگاوتان قایمتر بێت. چونکە هەنگاوی قایم لە خەباتدا و باوڕەمەندبوون بە ئامانجەکان دەگاتە ئازادی و سەرکەوتن.

لەوەی کە من ژنێکم، ئیزن بە خۆم دەدەم کە ساڵی نوێ به ژنانی کورد پیرۆزبایی بکەم، بە ژنانی کورد کە ترسیان شکاوە و شانبەشانی ئێوە لە ڕیزەکانی خەباتدان. ژنانێک کە سەرەڕای ئەوەی کە لەژێر زوڵم و ستەمدان، لە خەباتدا یارمەتیدەری ئێوەن. پیرۆزبایی لە دایکانی بەساڵاچوو و کچانی بچووک دەکەم، کە لە ئاکامی ئەو دۆخە کە بەسەریا‌ندا سەپاوە، ناتوانن ژیانێکی خۆشیان هەبێت.

ئەو خەباتەی کە ئێوە بەرەوپێشی دەبەن، جێگای فەخر و شانازییە. حوکمێکی قورس و گرینگی لە خەبات نەتەوەی کورد لە داهاتوودا دەبێت. ئەو بەردە لەسەر ئەو بەردانە دادەنێن، کە کەسانێک پێش ئێوە لەسەر یەکیان داناوە و ئەو بەردەش وەکوو بەردەکانی دیکە بۆ گەیشتن بە ئازادی گرینگە.

چاوی هەمووتان ماچ دەکەم.

نەسرین قاسملوو

١٩ی مارسی ٢٠١٨

پاریس