کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نۆی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە لایەن یەکیەتیی ئورووپا

15:22 - 29 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ئورووپا، لەسەر داوای وەزیرانی دەرەوەی ئاڵمان و فەڕانسە سەپاندنی گەمارۆی نوێی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران تاوتۆی دەکات.

هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٩ ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە دانیشتنی شۆرای کاروباری دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕەخنەی توندی لە هەمبەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ناوچەکە گرتووە و نیگەرانی خۆی دەربڕیوە کە کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران، بارودۆخی ناوچەکە خراپتر دەکات و داوای کردووە، کە یەکیەتیی ئورووپا، بێدەنگ نەبێت و دژکردەوە نیشان بدات.

هەروەها ژان ئیو لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕانسە، لەو دانیشتنەدا سەپاندنی گەمارۆی نوێ بۆ سەر ڕێژیمی ئێران خستووەتە بەر باس، لەسەر بەرنامە مووشەکییە بالستیکییەکانی ئەو ڕێژیمە و بەگشتی وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتیی ئورووپا، لەسەر پێشگرتن بە بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران هاودەنگن.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە وڵاتی فەڕانسە بە بەردەوامی داوای ئەوەی دەکرد، کە پرسی بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئیران، لە ڕێگەی دانیشتن و وتووێژ چارەسەر بکرێت و لەو پێناوەدا لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕانسە لە مانگی ڕابردوودا بۆ وتوێژ لەسەر ئەو بابەتە سەردانی ئێرانی کرد.

لۆدریان دوای گەڕانەوەی لە ئێراندا، ڕایگەیاند کە دانیشتنەکە بێئاکام بووە و ئێستەش داوای ئەوە کردووە، کە گەمارۆ بخرێتە سەر ڕێژیمی ئێران؛ لە لایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، زۆرجار ڕایانگەیاندووە، کە بەرنامە مووشەکییەکانیان هێڵی سووری نیزامن و لەسەری دانیشتن ناکەن و تەنانەت بەرهەمهێنانیان چەند قات دەکەنەوە.