کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی نەورۆز لە بنکەی سەرەکی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو

00:12 - 1 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بە بۆنەی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێ، رێوڕەسمێکی بەشکۆ لە بنکەی سەرەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی ڕێوڕەسمی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز و هاتنی سەری ساڵی نوێی کوردی بە بەشداریی لێپرسراوی گشتیی حیزب، ئەندامانی ناوەندیی سیاسی، کادر، پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات لە بنکەی سەرەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.

سەرەتای رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی نەورۆزیی حیزبی دێموکرات لەلایەن بەڕێز مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.

هیجری لە سەرەتای پەیامەکەیدا باسی لەوە کرد: با لە سەرەتای ساڵی نوێ و جێژنی نەورۆزدا سڵاو و پیرۆزبایی خۆمان بنێرین بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بنەماڵەی شەهیدان، کەمئەندامانی ڕێگای خەبات، زیندانییە سیاسییەکان، کادر و پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەموو چالاکوانانی سیاسی لە سەرانسەری ئێران بە تایبەت لاوە چاونەترس و وشیارەکانی کورد کە ساڵی ١٣٩٦یش وەک هەموو ساڵانی ڕابردوو لەژێر زەبر و سەرکووتی رێژیمی دژی ئازادییەکان، بوێرانە خەباتی خۆیان بۆ ڕزگاری و ئازادی نیشتمان و گەلەکەیان درێژە دا و لە تێکۆشان ڕانەوەستان.

لە بەشێک لە پەیامەکەی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتدا هاتبوو: پێدەچێ وڵات و نەتەوەی كورد بەرەوڕووی دەسكەوت و لاوازی زۆر بن بەڵام فەلسەفەی وجودی نەورۆز پێمان دەڵێ كە بەردەوامی لە ڕاسان دەتوانێ رەمزی مانەوەی كورد بێ. نەورۆز فێری كردووین كە تەنیا بەرەو پیری نوێبوونەوەی سروشت ناڕۆین، بەڵكوو هەردەم روومان لە ڕاسان و ڕابوونە بەرانبەر بە دژبەرانی کورد و گەڕان بەدوای بەئەنجام گەیاندنی دۆزێك كە دەیان ساڵە كوردستانییەکان خەباتی بۆ دەكەن.

لە درێژەی پەیامەکەی مستەفا هیجریدا هاتبوو: دانوستانەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی ناسراو بە ١+٥ لە كاتێكدا بەڕێوە دەچێت كە كۆماری ئیسلامی لەوپەڕی لاوازی ئابووریدایە و ناچارە رازی بێت بە مەرجەكانی رۆژئاواییەكان تا لەو دۆخە ناڵەبارە ئابووری و سیاسییە خۆی رزگار بكات و لە لێواری رووخان بگەڕێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە تەنانەت رازی بووە لەگەڵ گەورەترین دوژمنی وەهمیی خۆی واتە ئەمریكا ماوەیەك بە نهێنی و ئێستاش بە راستەوخۆ گفتوگۆ بكات تا رۆژئاوا رازی بێت سزا و ئابلۆقە ئابوورییەكانی سەر ئێران لابچێت كە سەردەمانێك بە كاغەز پارە ناوی دەبرد و ئیدعای دەكرد كە بۆتە هۆی بەهێزی و داهێنان.

مستەفا هیجری لە قسەکانی خۆیدا ئاماژەی دا: ئەگەر لە ماوەی ئەو ساڵانەدا بە شانۆگەری و خەڵک هەڵخەڵەتاندن، ویستی دنیا وا حاڵی بکا کە رێژیم رێفۆرمهەڵگرە و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو چاکسازی دەچێ و رێفۆرمیستەکان بلیندگۆی ئەم سیاسەتە فریوکارانەیە بوون، خوێندکاران لە زانکۆی تاران هاواریان کردئیسلاح تەلەب، ئوسوولگەرا، حکایەتی ئێوە کۆتایی هات، بەم چەشنە ئەم سێحرەی رێژیمی جادووگەریان هەڵوەشاندەوە، ئەم دروشمە هەمان خولیا و ئامانجەیە كە دەیان ساڵە حیزبی دێموكرات هەوڵی داوە ئەو ڕاستییە بۆ خەڵكی ئێران روون بكاتەوە كە كێشەی بونیادی لە ئێران كۆماری ئیسلامییە، نەك رێفۆرمخواز و موحافیزه‌كار.

پاش وتەکانی بەڕێز لێپرسراوی گشتی، سروودێک لەژێر ناوی نەورۆز لەلایەن کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکراتەوە پێشکەش بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەدا پارچە شێعرێک لەژێر ناوی ڕێباز لە لایەن شەریف فەلاحـەوە خوێندرایەوە.

پاشان گۆرانییەک لەژێر ناوی بەری بەیانی بە دەنگی هونەرمەند غوڵام فاتحی و خاتوو بێهناز تەوەسۆلی پێشکەش کرا.

بەبۆنەی جێژنی نەورۆز و هاتنی سەری ساڵی نوێی کوردی منداڵانی سەر بە ناوەندی نێرگزی حیزبی دێموکرات، سروودێکیان لەژێر ناوی نەورۆز بە سەرپەرەستیی خاتوو زەمەند بەهاری پێشکەش کرد.

پاشان چەند تابلۆی هەڵپەڕکێی ڕەشبەڵەک لە لایەن گرووپی هەڵپەڕکێی کوردستان پێشکەش کرا.

لە بڕگەی دووهەمی ئەو ڕێوڕەسمەدا داوا لە مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کاک سەلاح ڕەحمانی باوکی شەهید سەباح ڕەحمانی کرا کە مەشخەڵی ئاگر لە دەستی لاوان وەربگرن و ئاگری نەورۆزی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٧١٨ی کوردی هەڵبکەن که هاوکاتیش سروودی ئەمڕۆژی ساڵی تازەیه پێشکەش کرا.

بڕگەی کۆتایی ئەم رێوڕەسمە بە شایی و هەڵپەڕکێی گشتی کۆتایی پێهات.