• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
١٩ی ئاوریلی ٢٠١٨ی زایینی - ٣٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی  

پانۆڕامای ساڵ

زایینی: ٢١-٠٣-٢٠١٨ - هەتاوی: ١٣٩٧/٠١/٠١ - ٠٠:١٣ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
پانۆڕامای ساڵ
ئا: کوردستان

خوێنەرانی خۆشەویست، ڕۆژنامەی کوردستان وەک نەریتی ساڵانە لە دوایین ژمارەی ساڵدا پوختەیەک لە ڕووداو و هەواڵە گرینگە حیزبییەکانی ساڵ دەخاتە بەر دیدی ئێوەی ئازیز؛ لێرەدا بەشێک لەم هەواڵ و ڕووداوانە دەخەینە بەر چاوی ئێوەی هێژا:

شەش لایەنی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێران به‌یانییه‌یەکی هاوبه‌شیان دا

ڕێکەوتی ٧ ی بانه‌مه‌ڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، شەش لایەنی کوردستانی ڕۆژهەڵات، پێکهاتوو لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكیشانی كوردستان، كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكیشانی كوردستانی ئێران، سازمانی خه‌باتی كوردستانی ئێران، كۆمه‌ڵه‌(ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران) و هاوڕێیانی پێشوو لە بەیانییەکی هاوبەشدا هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ڕێژیمی ئێرانیان بایکۆت کرد و داوایان له‌ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات کرد وه‌كوو كاردانه‌وه‌یەكی لێبڕاوانه‌ به‌ڕانبه‌ر به‌ هه‌موو بێ‌مافییه‌کان، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕۆژی ٢٩ی بانه‌مه‌ڕدا به‌شداری نه‌كه‌ن.

هەر لەم چوارچێوەدا کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر پرسی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان ڕوو لە خەڵکی کوردستان و ڕێکخستنە نهێنییەکانیان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند: ئێمە بە ئەركی رێكخستنەكانی كۆمەڵە و دیمۆكرات، چالاكانی سیاسی و مەدەنی، هەروها كەسایەتی كۆمەلاتیەكان دەزانین لە پێناو وریا كردنەوەی خەڵك بۆ بەشداری نەكردن لە پرۆسەی بە ناو هەڵبژاردن دەورو كاریگەری خۆیان بنوێنن. گرینگە خەڵكی كوردستان ڕۆژی ٢٩ی بانەمەڕ یا لە ماڵ بمێننەوە یا لە بری ڕۆیشتن بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان روو دەرەوەی شار بكەن بۆ گەشت و سەیران و تێكەڵ بە سروشتی جوانی كوردستان بن.

کۆچی دوایی کاک نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان

کاک نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و تێکۆشەری گۆڕەپانی بزاڤی رزگاریخوازی لە باشووری کوردستان کاتژمێر ٨ی سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٩ی مای ٢٠١٧ی زایینی بەرانبەر بە ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی پاش چەند ساڵ نەخۆشی لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد؛ بەم بۆنەوە دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بلاو کردەوە و وێڕای دەربڕینی پەژارەی خۆی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی، دوست و ئاشنایان و هەڤاڵ و هاوڕێکانی لە بزووتنەوەی گۆڕان کرد.

حیزبی دێموکرات پشتیوانی خۆی لە پرسی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشوری کوردستان دەربڕی

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران سەبارەت بە بڕیاری سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای ئەوە کە ئەم بڕیارە بە بڕیارێکی مێژوویی و هەنگاوێکی گرینگ و مافێکی سروشتی لە ڕەوتی دیاریکردنی چارەنووسی ئەو بەشە لە کوردستان دەزانێ، پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی باشوور دەکا و ڕێز لە ئیرادەی خوشک و براکانی لەم بەشەی کوردستان دەگرێ، لە هەمانکاتدا هیوادارە و خوازیارە کە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵک لە کوردستانی باشوور ئەم دەرفەتە مێژووییە بە دوور لە کێشە ڕێکخراوەییەکان بە گوێرەی شیاوی خۆی بقۆزنەوە و هەموو لایەک وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی هاندەری بەشداری تاکەکانی کۆمەڵ لەو ئەرکە مێژوویی و چارەنووس سازەدا بن بۆ ئەوەی رێژەی بەشداربووانی رێفراندۆم و دەنگدەرانی ئەم بابەتە نیشتمانییە بارەتەقای گرینگی بڕیارە مێژووییەکە بێ کە چاوی دۆستان و دڵسۆزانی کورد بە جۆرێک و تەنانەت نەیارانی کوردیشی بە جۆرێکی دیکە لەسەرە، پێویستە کورد لەو هەڵومەرجەدا بۆ ئەو مەبەستە یەکدەنگی و یەک هەنگاوی خۆی نیشان بدا بە جۆرێک کە ئاکامی ڕاپرسی بە کۆمەڵگای جیهانی بسەڵمێنێ کە ڕێفراندۆم ئیرادەی هەموو لایەک و هەموو تاکێکی کوردە و ئەوەی لێی دەکەوێتەوە ویست و خواستی هەموو رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە.

لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕدا پەیمان لەگەڵ ڕێبازی قاسملوو نوێ کرایەوە

بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ٢٨ـەمین ساڵیادی شەهیدکرانی دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، ڕێوڕەسمێک بە بەشداری چەندین کەسایەتی و لایەنی سیاسی کوردستانی لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو کە تێیدا بەڕێز "مستەفا هیجری" سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

هەر بەم بۆنەوە چەندین سێمیناری زانستی لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر و چەندین وڵاتی ئۆرووپایی بەڕێوە چوو؛ هەروەها دوکتور بێرنارد گرانژون، بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور لە پەیامێکدا بە بۆنەی ٢٨ەمین ساڵڤەگەڕی تێرۆری دوکتور قاسملوو، پشتیوانی خۆی لە درێژەدەرانی ڕێبازی قاسملوو دەربڕی و ڕایگەیاند: ٢٨ ساڵ بە سەر شەهید بوونی دوکتور قاسملوو، ئەو مرۆڤە ئیلهامهێنەرە بۆ هەمووان تێدەپەڕێ.

لە ٢٨ ساڵەی شەهید بوونیدا، ناو و یادی دوکتور قاسملوو بەرز ڕادەگرین و لە ڕێبوارانی خەباتی ڕێگای دوکتور قاسملوو لە ڕاستای دێموکراسی، ئازادی و مافی نەتەوەیی کورد پشتیوانی دەکەین.

ناوی شەهیدانی نوێی ڕاسان لە حەماسەکانی قەرەسەقەڵ و کۆساڵان ڕاگەیەندرا

لە مانگی پووشپەڕدا، پاش ساڵێک بەدواداچوونی وردی حیزب و دڵسۆزانی حیزب لە ناوچەکانی مەریوان و شنۆ دەرکەوت کە بەداخەوە چەند ڕۆڵەی بەجەرگی حیزب لە ئاگری قینی دوژمندا گیانی پاکیان بەختی ڕێگای پڕ لە سەروەریی ئازادیی گەل و نیشتمان کردووە و چوونەتە ڕیزی کاروانی پڕ لە شانازیی شەهیدانی کوردستانەوە کە بریتین لە شەهیدان بێهزاد پیرۆتی، عەلی مەحموودی (شەماڵ)، مێهدی شێخی، بەرزان حوسێنی، ڕوحوڵڵا حەیدەری، ساحێب حوسێنی، ئەفشار سوورە بوومە، هیوا قوربانی.
پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەهید بوونی ئەم پۆلە لە تێکۆشەرانی دێموکرات چەندین پەیامی هاوخەمی لە نێوخۆی وڵات و لەلایەن کەسایەتی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە ئاراستەی حیزب و بنەماڵەی شەهیدانی نوێی حیزب کرا.

کریس کۆچێرا کۆچی دوایی کرد

ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژ، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگ کریس کۆچێرا کۆچی دوایی کرد و بەم بۆنەوە مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بە بۆنەی کۆچی دوایی کریس کۆچرا پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە کە لە بەشێکیدا هاتووە: بە کۆچی دوایی کوچرا کورد بە گشتی و حیزبی دێموکرات دۆستێکی خۆرئاوایی وەفاداری لەدەستدا، بەڵام یادی ئەم پیاوە کورد دۆستە و خزمەتەکانی بە کورد لەبیر هیچ کوردێکی نیشتمانپەروەر ناچێتەوە.

بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی بەتایبەت " ئیدیت" ی هاوسەری دەکەم کە لە کارەکانیدا یارمەتیدەرێکی بە توانای کوچرا بوو.

٢ پێشمەرگەی وەفاداری حیزب تێکەل بە کاروانی سورخەڵاتی شەهیدان بوون

لە ئەنجامی شەڕی نێوان هێزەکانی پیشمەرگەی حیزبی دێموکرات و سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم لە ناوچەی پیرانشار چەندین پاسدار و دژی گەلی ڕێژیم کوژران و بریندار بوون و بەداخەوە ٢ پێشمەرگەی فیداکاری گەل تێکەڵ بە کاروانی سورخەڵاتی شەهیدان بوون.

شەوی شەممە لە سەر یەکشەممە رێکەوتی ١٤ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، کاتژمێر ١١ی شەو، تیمێک لە هێزی پێشمەرگەی نێوشار سەر بە هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کاتی ئەنجامدانی گەشت و مەئمووریەتێکی حیزبیدا لە ناوچەی پیرانشار کەوتنە نێو بۆسەیەکی چەکدارانی جەهل و نەزانی سەر بە سپای پاسداران و بەکرێگیراوانی سەر بەو سپایە و لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سپای پاسداراندا دەرگیری و تێکهەڵچوون ڕووی دا.

لەو تێکهەڵچوون و شەڕە دەستەویەخەیەدا دوژمنانی ئازادی زەربەیەکی قورسیان بەرکەوت و بەپێی هەواڵی گەیشتوو چوار کەس سەر بە سپای پاسداران کوژران و شەش کەسی دیکەش بریندار بوونە؛ بەداخەوە لەم دەرگیرییەدا دوو پێشمەرگەی گیانفیدا و دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بە ناوەکانی "یەعقووب مورادی و هێمن مەولان نژاد" شەهید بوون و درێژەی ڕێگاکەیان بە هاوڕێیانیان لە نێو حیزبی دێموکرات ئەسپارد.

فستیڤاڵی ٢٨ی گەلاوێژ لە هەولێر بەرێوەچوو

لە ٣٨مین ساڵیادی دەرکردنی بڕیاری بەدناوی جیهادی خومەینی لە دژی گەلی کورد، لە هۆڵی پێشەوای شاری هەولێر دەزگای توێژینەوە ستراتیژییەکان یەکەم فێستیڤاڵی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە بەشداری سەرجەم حیزبەکانی رۆژهەڵات بە ناونیشانی (٢٨ی گەلاوێژ، رۆژی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان) سازکرد.

کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ ١٣٩٦ی هەتاوی لە شاری هەولێر، بۆ ئاوڕدانەوە لە ٣٨مین ساڵیادی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان، ڕێوڕەسمێک لە ژێر ناوی "خۆراگری شکۆمەندییە" بەڕێوە چوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا وەفدێکی باڵای حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستی بەڕێز حەسەن شەرەفی جێگری سکرتیری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدارییان کرد و وتاریان پێشکەش کرد؛ لە وتارەکەیدا بەڕێز شەرەفی ڕایگەیاند: ئێمە لیرە کۆبووینەتەوە تاکوو ئاوڕ لە دوو ڕووداو بدەینەوە؛ یەکیان پیرۆز و یەکیان ناپیرۆز. ڕووداوە ناپیرۆزەکە ئەوەیە کە لە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژدا ئەو پەیامە شووم و فتوا ناڕەوایەی کە خومەینی دژ بە گەلی کورد دەری کرد و لە ئەنجامیدا هەر لەو ڕۆژەوە هێرشی زەوینی و هەوایی بێ بەزەییانە بۆ سەر کوردستان دەستی پێکرد.

فەرمانێکی سەربازی بۆ خاشەبڕکردنی کوردستان و نەتەوەی کورد و فتوایەکی مەزهەبی بۆ بزاوتن و هاندانی بەشێک لە هاونیشتمانییانی شێعەمەزهەبمان لەدژی کورد؛ ئەمەش وای کرد کە کورد ٢ ڕێگای لەبەردەمدا مایەوە؛ یان مل دانەواندن بۆ ئەو هەڕەشە و هێرشەدا یان خۆڕاگری.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەڕێز شەرەفی وتی: رووداوە پیرۆزەکە ئەوەیە کە هەر لەو ڕۆژەدا کە بڕیاری ناپیرۆزی فتوا دەرکرا گەلی کورد بڕیاری خۆراگری لەبەرامبەر ئەم پەلامارەی دەرکرد و بە کردەوە سەلماندی کە رەوتی موقاومەتی خۆی کە هەیبوو بەهێزتر کرد.

حدکا: پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستانی باشوور، ئەرکی نەتەوەییە

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستانی باشوور ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا ڕوو لە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای کرد:
یەکەم: لەم ڕۆژانەدا تاکوو ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم بە هەرشێوەیەکی تەبلیغی کە بۆتان دەکرێ پشتیوانیی خۆتان لە ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستانی باشوور دەرببڕن و لە ڕۆژی ئەنجامدانی ڕێفراندۆمیشدا بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و پۆشینی جلوبەرگی کوردی و ئامادەبوون لە شوێنە گشتییەکان بەو جلوبەرگ و ئاڵاوە، نیشان بدەین کە نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا پشتیوان و هاوسۆزی یەکن.

دووهەم: هەموو ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات و لە کوردستانی باشوور بە هەرشێوەیەک کە بۆیان دەکرێ لە ئاهەنگ و هاندانەکان بۆ پشتیوانی لە رێفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانی باشووردا حوزووری بەرچاویان هەبێ و بە هەڵگرتنی دروشمی پێوەندیدار یارمەتیدەر بۆ گەشەکردنی پشتیوانییەکان بن.

سێهەم: بە وەرێخستنی کەمپەینی تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا و پڕوپاگەندەی تایبەت بەو بوارە، واژۆی پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی کوردستانی باشوور کۆ بکەنەوە و لەو بوارەشدا دەوری خۆتان بۆ هاندان بگێڕن و یارمەتیدەربن بۆ گەیشتنی نەتەوەی کورد لە بەشێکی نیشتماندا بە مافە رەواکانیان.

حدکا، بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی گشتپرسی، پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد کرد

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا وێڕای پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی کورد، خوشک و براکانمان لە باشووری کوردستان و هێزە سیاسییەکانی و سەرجەم ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دنیا ئاواتی ئەوەی خواست ئەم هەنگاوە سەرەتای کۆتایی هاتن بە نەهامەتی و ڕەنج و ئازارەکانی کورد لە باشووری کوردستان بێ و بەدی‌هێنەری ئاوات و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیان بێ، کە بێگومان لە سەر چارەنووسی کورد بە گشتی شوێندانەر دەبێ.

حیزبی دێموکرات: سەرەخۆشی لە گەلەکەمان بەتایبەت لە کوردستانی عێراق دەکەین

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی کۆچی‌دوایی مام جەلال پەیامێکی پرسە و سەرەخۆشی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: بەداخەوە ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، ٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ی زایینی، کوردستان کەسایەتییەکی گەورەی لە دەست دا کە زیاتر لە نیو سەدە لە ژیانی لە پێناوی ڕزگاریی نیشتمانی و بەختەوەریی خەڵکدا تێپەڕ کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ئێمە لە حیزبی دێموکراتدا وێڕای سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی بەڕێزی مام جەلال، بەتایبەت هاوسەر و کوڕەکانی، هاوخەمی خۆمان لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی و هەموو ئەندامانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان دەر دەبڕین. سەرەخۆشی لە گەلەکەمان بەتایبەت لە کوردستانی عێراق دەکەین. وێڕای دەربڕینی پەژارەمان بۆ لە دەست دانی ئەو کەسایەتییە گەورەیە، دووبارە جەخت لە هاوئاهەنگی و تەبایی و پێکەوە بوون چ لە نێو ڕیزەکانی حێزبە دۆستەکەمان، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و چ لە نێو هەموو حیزب و لایەنی سیاسی و خەباتکارەکانی کوردستانی عێراق دەکەینەوە، کە ئەم بڕگە هەستیارەی مێژووی ئەو بەشە لە نیشتمانمان، لە ژێر خەمێکی وەها گەورەدا تەنیا بە پێکەوەبوون دەتوانێ بە سەرکەوتنی مەزن بگات.

پێویست بە ئاماژەیە کە سەر لە بەیانی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی بەرێز کاک مستەفا هیجری، بەشداری لە مەراسمی بەخاک سپاردنی بەڕێز، مام جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان و سەرکۆماریی پێشووی عێراق کرد.

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لەگەڵ بوومەلەرزەی کوردستان

دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ بوومەلەرزەی ڕۆژی یەکشەممەی کوردستان ڕوو لە خەڵکی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی ئەو بوومەلەرزەیە، هیوای هەرچی زووتر چاک بوونەوە بۆ بریندارانی ئەو کارەساتە دەخوازێ.

کارەساتێکی وەها گەورە کە دەیان شاری کوردستان لە رۆژهەڵات و باشووری گرتۆتەوە و بە سەدان قوربانی و بە هەزاران بریندار و وێرانییەکی زۆری لێ بەجێ ماوە، کارەساتێکی نەتەوەییە و وێڕای هاوخەمیمان بۆ هەموو زیانلێکەوتووانی مادی و گیانی، داوا لە هەموو هاونیشتمانیانی کورد دەکەین کە لەم کارەساتە گەورەیەدا بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ یارمەتیدەری قوربانیان و ماڵوێرانکراوەکان بن.

هەروەها کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر ١٣٩٦ی هەتاوی، داوای لە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بە هەموو چین و توێژەکانەوە کرد کە بە هانای خەڵکی ئەو ناوچانەوە بڕۆن کە تووشی ڕووداوی بوومەلەرزە هاتوون و ئەوەی لە توانایاندایە هاوکاری و یارمەتییان بکەن.

حیزبی دێموکرات: نەتەوەی کورد لە کارەساتدا، حەماسەیان خوڵقاند

سەبارەت بە حەماسەی نیشتمانی کوردانی رۆژهەڵات پاش بوومەلەرزەکەی کرماشان دەفتەری سیاسی حیزب ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: شایی بە وەها نەتەوەیەکەوە دەکا و لە بەرامبەر ئیرادەی نەتەوەیی و هەستی پاک و بێگەردی مافخوازییاندا سەری ڕێز دادەنەوێنێ.

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پێنج حیزب و لایەنی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، پێنج حیزب و لایەنی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبوونەوە و تێیدا ناوەندێک بۆ هاوکاریی حیزبە کوردییەکان بۆ کار و تێکۆشانی داهاتووو پێک هات.

سێهەمین کۆبوونەوەی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" بەڕێوە چوو

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، سێهەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بەڕێوەچوو کە تێیدا ویڕای باس لە بریاڕ و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی پێشوو، جەخت لەسەر پرنسیبەکان و هێڵە گشتییەکانی هاوکاری کرا و بەتایبەت لەسەر مەسەلەی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و دابین کردنی دێموکراسی و مافی نەتەوایەتی لە کوردستانی ئێران باس کرا.

لەو کۆبوونەوەیەدا هەروەها باس لەوە کرا، کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، دەبێ هەوڵ بدات بەپێی ئەو پرنسیبانەی کە لەسەری ڕێک کەوتوون هێز و لایەنە سیاسییەکان بانگهێشت بکرێن و لە نزیکەوە لە بۆچوون و ڕوانگەکانیان ئاگادار ببنەوە، هەروەها لەسەر ٢١ی فێورییە، ڕۆژی زمانی دایکی کار و هاوئاهەنگی پێویست ئەنجام بدرێت.

ڕۆژی زمانی دایکی لە شاخەکانی کوردستان پیرۆز کرا

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەمە، هێزی تایبەتی حیزبی دێموکرات لە شاخەکانی کوردستان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی بەڕێوە برد.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی بەڕێوە چوو، فەرماندە نیزامییەکانی هێزی پێشمەرگە، کادری سیاسی و نیزامی و پێشمەرگەکانی هێزی تایبەت لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداریان کردووە.
لە ڕێوڕەسمەدا چەندین وتار لە لایەن بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە تایبەت بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی خوێندرایەوە که تێیدا باس لە گرینگی و بایەخی زمانی دایکی کرا.

کۆنگرەی ١٦هەمی حیزب بەڕێوەچوو

ڕێکەوتی ١ تا ٤ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی کۆنگرەی 16می حیزب، کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو و پاش چەند ڕۆژ کاری بەردەوام سەرکەوتووانە کۆتایی بە کارەکانی هێنا و کۆمەلێک بریاری گرینگ، لەوانەش گۆڕینی پێکهاتەی گشتیی حیزب، تێیدا پەسند کرا.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، جێژنی کۆتایی هاتنی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بەشداریی ئەندامانی تازە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٦ بۆ ناوەندیی سیاسی، کادر، پێشمەرگە، بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات و میوانان ١٦ بەڕێوەچوو.

لە بڕگەی یەکەمی جێژنەکەدا، بەڕێز "مستەفا هیجری" لێپرسراویی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٦ چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

هیجری سەرەتا باسی لەوە کرد "ئەمنییەت"ـی کۆنگرە و ئەو فەزایەی کە کۆنگرەی تێدا بەڕێوەچوو کارێکی بێ‌وێنە بوو، ئەوەش لەو ڕوویەوە گرینگ بوو کە ئێمە پێشتر ئاگادار کرابووینەوە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پیلانی هەیە لە هەر شوێنێک کە کۆنگرە بەڕێوە بچیت شەڕ و ئاژاوە بنێتەوە.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد فەزای فکریی کۆنگرە بابەتێکی زۆر گرینگ بوو، واتە بوونی ئەو فکر و هزرەی کە لە نێو ئەندامانی کۆنگرەدا هەبوو، فەزای کۆنگرەکەی لە کۆنگرەکانی دیکە جیاوز کردبوو و ئەوەش دەرخەری چوونە سەری ئاستی فکری ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانه کە جێگای بایەخە.

لێپرسراویی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ڕێژەی هەڵبژاردنی ژنان بۆ ڕێبەریی حیزبی دێموکرات خۆی شتێکی بێ وێنە بوو و بە نیسبەت کۆنگرەکانی پێشوو ژنان توانیان لە کار و چالاکیی حیزبیدا بەشداری زیاتریان هەبێ.

ناوەندیی سیاسی حیزبی دێموکرات ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٦هەمی حیزب پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٧ی رەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٦ی فێورییەی ٢٠١٨ی زایینی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بە بەشداری لێپرسراوی گشتی حیزب، هاوڕێی بەڕێز کاک مستەفا هیجری و ئەندامانی ناوەندی سیاسی پێکهێنا.

لەم کۆبوونەوەیەدا ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەم ناوەندە کە بە پەسندی کۆنگرەی ١٦ی حیزب گەیشتوون بە بەرچاوروونی زیاترەوە باسیان لەسەر کرا و وردبوونەوەی پتریان بۆ کرا؛ لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لەسەر شێوەی کاری ناوەندی سیاسی ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.

لە دوابڕگەی کاری کۆبوونەوەی ناوەندیی سیاسیدا لە سەر پێشنیاری لێپرسراوی گشتی و پاش دەنگدانی بەشدارانی کۆبوونەوەکە هاوڕێی بەڕێز کاک حەسەن شەرەفی بە تێکڕای دەنگی بەشداربووان بە بەرپرسی ناوەندی سیاسی و لە هەمانکاتدا وەک جێگری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردرا.

دوو ئەندامی حیزبی دێموکرات لە هەولێر بوونه ئامانجی کردەوەیەکی تێرۆریستی

دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەڵکی شاری کامیاران و دانیشتووی شاری هەولێر، بە هۆی دانانی بۆمب لە ماشینەکەیاندا بە توندی بریندار بوون.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممه ١٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، سەلاح ڕەحمانی هاوڕێ لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی سەباح ڕەحمانی خەڵکی شاری کامیاران و دانیشتووی شارۆچکەی "بنەسڵاوه"ی هەولێر لە کردەوەیەکی تێرۆریستیدا بە توندی بریندار و ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کران کە بەداخەوە ڕۆژێک دواتر هاوڕێ سەباح ڕەحمانی بەهۆی سەختی برینەکانی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر، گیانی لەدەستدا و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە بەشداریی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات و ئەندامانی ناوەندیی سیاسی حیزب، کادر، پێشمەرگە، بنەماڵە و میوانان تەرمی شەهید "سەباح ڕەحمانی" لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە خاک سپێردرا.

بانگەوازی ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ نەورۆزی ٢٧١٨ی کوردی

لە بەرەبەری هاتنی نەورۆزی ٢٧١٨ی کوردی، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بانگەوازێکیان لەژێر ناوی " نەورۆز هێمای ژیانەوەو پێکەوە بوون" بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: ‎ئەمساڵ کە رابرد، دەستپێکەکەی نەورۆزی جامانەکان بوو؛ دوای ئەو هەموو حەماسەتە کە ئاماژەیان پێکرا، جێی خۆیەتی نەورۆزێک کە دادێ، بە هەمان شکۆوە و بە هەمان حەماسەوە بە جامانە و هەوری و لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و هەڵگرتنی گوڵی سوور بڕازێندرێتەوە و لە گەڵ ژیانەوەی سروشت، ژیانەوەی نەورۆزی جامانەکان بۆ نیشتمان بکرێ بە دیاری، هەر بۆیە داواکارین یەک دەنگ و یەک هەڵوێست، بەرەو پیری نەورۆز و سەری ساڵی نوێ بچن.

‎بێگومان هاوخەباتی و یەکڕیزیی نەتەوەکەمان، رەمزی سەرکەوتنمانە. لەم روانگەیەشەوە داوا لە سەرجەم خەڵکی کۆڵنەدەر و نیشتمانپەروەی کوردستانی ئێران دەکەین بە هەمان ئیرادە و رۆحیەی هاوخەباتییەوە لە خەباتی نەتەوەیی-دێموکراتیکی خۆیان بەردەوام بن و ریزەکانی خۆیان بەهێزتر و پتەوتر بکەن و سەری ساڵی نوێ پیرۆز بکەن.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧٢٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ مانیفێستی ڕزگاری
ــ وتووێژی کوردستان لەگەڵ شەریف هەژاری
ــ سووکایەتی، ئامرازی تواندنەوە
ــ بێستوون، شوێنی خودای خوداکان
  • شەریف هەژاری: کورد خۆی دەرفەتەکان وەک پێویست ناقۆزێتەوە. بەشێک لە ھێزەکوردییەکان بوونەتە داردەستی ئێران و بە بێ ھیچ شەرمێک، فەرمانەکانی جێبەجێ ئەکەن شەریف هەژاری: کورد خۆی دەرفەتەکان وەک پێویست ناقۆزێتەوە. بەشێک لە ھێزەکوردییەکان بوونەتە داردەستی ئێران و بە بێ ھیچ شەرمێک، فەرمانەکانی جێبەجێ ئەکەن
    گۆڕانکارییەکانی ناو کابینەی ترامپ و کاریگەرییان لە سەر سیاسەت و رووداوەکانی ناوچە، تەوەری گفتوگۆی ئەم ژمارەیەی رۆژنامەی کوردستانە لەگەڵ شەریف هەژاری، مامۆستای مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:
  • پاژنەی ئاشیلی ڕێژیمی ئێران پاژنەی ئاشیلی ڕێژیمی ئێران
    لە دوو بابەتی پێشوودا، "شەڕی ئێران و ئیسرائیل"و بەشی یەکەمی "پاژنەی ئاشیلی ڕێژیمی ئێران"، هێڵی بەهێزی ڕێژیمی تاران (دەرەوەی سنوورەکان و کەڵک وەرگرتن لە ملیشیا و لایەنگرە شێعەکانی لە وڵاتانی ناوچە) و خاڵی لاوازی ئەو ڕێژیمە (خەڵکی ناڕازی و وەزاڵەهاتووی نێو شارەکانی ئێران) خرایە بەر باس و لێک درایەوە.
  • بێستوون، شوێنی خودای خوداکان بێستوون، شوێنی خودای خوداکان
    شاری بێستوون، یەکێک له شارەکانی کرماشانه که له باکووری رۆژهەڵاتی ئەو گەورەشاره جێگای خۆش کردووه و له سەر رێگای کرماشان - هەمەدان که سەردەمانێک پێتەختی ئیمپراتوری کوردان بوو، هەڵکەوتووه.
  • مانیفێستی ڕزگاری مانیفێستی ڕزگاری
    هەتا لاپەڕەکانی مێژووی کورد زیاتر هەڵدەدەینەوە، تابلۆی تراژێدیای کورد زیاتر دەردەکەوێت. لە پەنای ئەم تابلۆیە سەربوردەی قارەمانیەتی، فیداکاری، کاریگەری بلیمەت و ڕێبەرەکانمان لەسەر زیندوو مانەوەی کورد وەکوو نەتەوە زۆر ڕوونە. لە لایەک پرسیاری بۆچی تا ئێستا سەرنەکەوتووین دەبێتە خۆرەی مێشک، لە لایەک جێ داخە بۆچی ئەم ڕێبەرە زانا و لێهاتووانە بە ڕادەی پێویست لە لایەن تاکی کورد بەرجەستە نەکراون.
  • پەیامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٧١ەمین ساڵیادی لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد و ڕۆژی شەهیدانی کوردستان پەیامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٧١ەمین ساڵیادی لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد و ڕۆژی شەهیدانی کوردستان
    ئەوان کۆتاییان بە کۆمار هێنا، بەڵام نەیانزانی ئامانجەکانی کۆمار و گیانفیدایی ڕێبەرەکانی، چ بەهایەکی مەزنن و چۆن بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازرێنەوە، دوای حەفتاو یەک ساڵ لەو ڕووداوە، داستانی مەرگی سەربەرزانەی پێشەوا، هێشتا خاوەنی بەهێزترین وانەی خۆنەویستی، خەڵکویستی، ئازادیخوازی و سەرفرازییە و ئەوینێکی بەهێزیشە بۆ بە چۆکداهێنانی هەموو مەترسی و ناخۆشییەکان.
  • سووکایەتی، ئامرازی تواندنەوە سووکایەتی، ئامرازی تواندنەوە
    لە وڵاتێکدا کە چەند کەلتوور و نەتەوە و ئایینی جیاواز دەژین، حکوومەتی دەسەڵاتدار لەگەڵ هەڕەشە و دەرفەتی جۆربەجۆر بەرەوڕوویە؛ لەو جۆرە وڵاتانەدا، بەهۆی چەندنەتەوەیی و چەندکولتووری و پێکهاتەی ئاڵۆزی کۆمەڵگاوە، ژیانی کۆمەڵایەتی - سیاسی و هەروەها ئیدارەکردنی حکوومەت و دابەشکردنی دەسەڵات و سامان و ئیمتیازەکان لە نێو خەڵکدا ئەرکێکی ئاڵۆز و پڕمەترسییە، کە هەرجۆرە هەنگاو و کردارێک کە نیشان لە هەڵاواردن و بێبەشکردنی کەس و کەسانێک و پێکهاتەیەک بدا، دەبێتە هۆکارێک بۆ رووخانی ئێعتمادی خەڵک بەرامبەر بە دەسەڵاتدار و حکوومەت.
  • پانۆڕامای ساڵ پانۆڕامای ساڵ
    خوێنەرانی خۆشەویست، ڕۆژنامەی کوردستان وەک نەریتی ساڵانە لە دوایین ژمارەی ساڵدا پوختەیەک لە ڕووداو و هەواڵە گرینگە حیزبییەکانی ساڵ دەخاتە بەر دیدی ئێوەی ئازیز؛ لێرەدا بەشێک لەم هەواڵ و ڕووداوانە دەخەینە بەر چاوی ئێوەی هێژا:
  • هێمای بەرخۆدان هێمای بەرخۆدان
    پێناسەیەک لە جوانی سروشت، زیندوو بوونەوە، نوێکردنەوەی ژیان، گۆڕانێک لە دەم و چاو و تەنانەت دەروونی سروشت و هەموو زیندەوەرێک لە وەرزێکی نوێ بە ناوی نەورۆز و هاتنەوەی ڕەنگاوڕەنگی سروشت و کرانەوەی ئامێزی زەوی لەم ڕۆژەدا وەک هەموو ساڵێک دەبیندرێت.
  • نەورۆزی خاکێپووشەکان هەلێک بۆ یەکخستنی خەباتی کوردەواری نەورۆزی خاکێپووشەکان هەلێک بۆ یەکخستنی خەباتی کوردەواری
    جیا لەوە کە ڕێژیمە فاشیستەکانی حاکم بەسەر ڕۆژهەڵات و بەشەکانی دیکەی کوردستان، نوروز، کە جەژنێکی کوردییە، نەیانهێشتووە کە بە ناوی کورد لە جیهاندا بناسرێت و لە نێوخۆی کوردستان لە هەوڵدا بوونە کە بە هێرشی فەرهەنگی، ڕەنگ و بوونی کوردی لێ بستینن و هێماکانی خۆیان لەو ڕێوڕەسمەدا جێگیر بکەن.
  • پەیامی کردنەوەی کۆنگرەی ١٦ی حیزب لەلایەن بەڕێز مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی پەیامی کردنەوەی کۆنگرەی ١٦ی حیزب لەلایەن بەڕێز مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی
    سڵاو بۆ زیندانیانی سیاسی وە بە تایبەتی سڵاوێكی تایبەتی بۆ نێلسۆن ماندێلا بە ساڵدا چووەکانی نێو زیندانی ڕێژیم وە بەتایبەتی کاک محەممەدی نەزەری، وە سڵاوێکی تایبەتیتر بۆ نێلسۆن ماندێلای زنجیر پسێنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاک سدیقی کەبوودوەند دەنێرینەوە.
  • کەرکووک، کرماشان، عەفرین، نەورۆز کەرکووک، کرماشان، عەفرین، نەورۆز
    لێرەدایە کە دەگەین بە رمزێکی گرنگی کوردستان و کورد کە ئەویش نەورۆزە؛ ئەو رووداوە تاڵ و کارەسات و هەروەها حەماسانەی کورد، زۆرجار لە مێژوودا نیشانی داوە کە لە نەورۆزدا بە زمانێکی نەتەوەیی و جەماوەری وەرگێڕدراوەتەوە سەر کردەوەیەکی هاوبەش و هێمای سەرهەڵدانەوە و رسکانەوەو راسانی نەتەوەیی بوووە. نەورۆز بنەمایەکی گرنگی بوونی نەتەوەییمانە چوونکە ناسنامەی بوونمان بەهێزتر دەکاتەوە، ئێمە نەتەوەیەکین کە لە نێو کارەساتەوە بە سەرهەڵدانەوە و راسانەوە خۆڵەمێشی سووتانەکانمان دەتەکێنین و حەماسە دەخوڵقێنین؛ کورد سەرفراز و کوردستان ئاوەدان و نەورۆزمان پیرۆز.
  • کاوه به‌هرامی: لە سەرجەم بڕگەکانی کاری کۆنگرە، راسان بەشێکی دانەبڕاو و سەرەکی باسەکان بوو کاوه به‌هرامی: لە سەرجەم بڕگەکانی کاری کۆنگرە، راسان بەشێکی دانەبڕاو و سەرەکی باسەکان بوو
    لوڕستان، کرماشان و ئیلام بەشێکی سەرەکی و دانەبڕوای کوردستان و کوردن، بەبڕوای من کاتێک ئێمەی کورد رزگارمان دەبێ کە ئیلام و کرماشان و لورستانیش داشدارمان بن، کۆنگرەی راسانی رۆژهەڵات لە زۆر رووەوە، تێکۆشان و بەرزکردنەوەی وشیاری نەتەوەیی لەم بەشە گرینگەی خاکی نیشتمانی تاوتوێ کرد و رێنوێنی پێویستی بۆ کار و چالاکی داهاتوومان گەڵاڵە کردووە، بە بڕوای من دەکرێ بۆ شوێندانەری زیاتری خەبات لەم ناوچانە لەڕووی راگەیاندن، رێکخستن، گرینگی پێدان بە کەسایەتییە شوێندارەکان و زۆر رێکار و رێگای گونجاوی دیکە، کە رەنگە ئێرە شوێنی باسکردنیان نەبێ کاری جیددی بکەی.
  • خۆپیشاندان لە نێو بەرداشی یارگیرییەکاندا خۆپیشاندان لە نێو بەرداشی یارگیرییەکاندا
    هەروەها لە ئەگەری بوونی ئالتێرناتیڤێکی تەکووز و خاوەن پێگەی وا ،باڵانسی هێز دەگۆڕدرێت و ئەگەری سەرهەڵدانی هێزێکی سانتراڵی تۆتالیتێر لە داهاتوودا وێڕای گشت ئەو پووانانەی بەدەستیانەوەیە کەم و کەمتر دەبێت.
  • پاژنەی ئاشیلی ڕێژیمی ئێران پاژنەی ئاشیلی ڕێژیمی ئێران
    کێشە و ناکۆکیی نێو باڵەکانی ڕێژیم، قەیران و داڕمانی ئابووریی ئێران، ناکارامەیی و داماوی بەرپرسان لە وڵامدانەوە بە داخوازییەکانی خەڵکی ناوخۆی ئێران و گوشارە جیهانییەکان بۆسەر ڕێژیم، بە مەبەستی کشانەوە و وازهێنان لە دەستێوەردان و ئاژاوەنانەوە لە وڵاتانی ناوچە هەر ڕۆژ زیاتر و زیاتر کاربەدەستان و بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێژیمە تووشی قەیران دەکات.