کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی: لە ئێراندا ئازادیی فیکری، ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی هەڵبژاردن هەیە!!!

19:00 - 2 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە پەیامی نەورۆزیدا، وەکوو هەمیشە چەواشەکاری کرد و هێندێ بابەت و خاڵی وەکوو تایبەتمەندییەکان ئەو ڕێژیمە باس کرد، کە بۆ خەڵکی ئێران نامۆیە.

ڕێبەری ڕێژیم، عەلی خامنەیی، لە یەکەم لێدوانیدا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە شاری مەشهەد، باسی لە کار و ئاکارەکانی ڕێژیم لە ماوەی ٤٠ ساڵدا کرد و بەپێچەوانەی چۆنیەتیی ڕاستەقینەی ڕێژیم، ئەو ڕێژیمەی وەکوو نموونەیەکی زۆر باش و بەرچاو کە هەموو ئازادییەکیان بۆ خەڵکی ئێران دەستەبەر کردووە، پێناسە کرد.

ناوبراو بەپێچەوانەی دەربڕینە وشک و توندەکانی پێشووی، ئەمجارە بۆ فریودانی خەڵک پەنای بۆ قسەی جەفەنگ بردووە و بە گاڵتەوە وتوویەتی: ئەگەر لاوەکانی ئێران ئەوندەی کە لەسەر یاریی تۆپیپێی وڵاتانی دەرەکی هەستیارن و لەسەر ڕەنگی شین و سوور هەڵوێست دەگرن، ئەگەر بەو ڕادەیە گرنگیان بە ئابووریی نێوخۆیی و کەڵکوەرگرتن لە بەرهەمهێنانی نیشتمانی بدایە، کێشەکانی ئابووریی وڵات چارەسەر دەکرا.

قسەکانی خامنەیی کە لە تەلەفزیۆنی ڕێژیم ڕاستەوخۆ بڵاو دەبووەوە، لەسەر سەربەخۆیی، ئازادی، خەڵک سالاریی، باوەڕبەخۆیی نیشتمانی، دادپەروەری و ڕادەی جێبەجێ کردنی فەرمانە ئایینی و شەرعییەکان لە وڵاتدا بوو.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، وڵاتی ئێران کە نزیک بە ٢٠٠ ساڵ بندەست و کۆیلە بوو، پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، سەربەخۆیی ڕاستەقینەی دەستەبەر کرد و هەنووکە هیچ وڵاتێک بە ڕادەی ئێران سەربەخۆ نییە و تەنیا نەتەوەیەکە کە هەڵبژاردنەکانی لەژێر کاریگەریی هیچ وڵاتێکدا نییە.

خامنەیی لە بەشێکی دیکەی لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کەسە بێویژدانەکان بە کەڵکاژۆ وەرگرتن لە ئازادی، دەڵێن: لە ئێراندا ئازادی نییە، ئەم قسانەش لە لایەن وڵاتانی دەرەوە پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێت، لە حاڵێکدا لە ئێراندا ئازدیی هزری، ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی هەڵبژاردن بوونی هەیە و هیچ کەس لەم وڵاتە بە هۆی جیاوازیی بیر و باوەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ناکەوێتە ژیر گوشارەوە، بەڵام وەکوو هەموو وڵاتێک بۆ ئازادی چوارچێوەیەکی هەیە.

ڕێبەری ڕێژیم، خەڵک سالاری بە یەکێک لە بنەماکانی ڕێژیم زانی وتوویەتی: کە لە ماوەی چل ساڵدا هەر یەک دوو ساڵ، هەڵبژاردنێک بەڕێوە چووە و خەڵکیش بە ئازادی و خۆشییەوە بەشدارییان تێدا کردووە، کە بەرهەمەکەی هەڵبژاردنی دەوڵەتە جیاوازەکان بووە.

خامنەیی لە قسەکانیدا باسی هێندێ خاڵی دیکەی وەکوو عەداڵەت و خۆبەستنەوەی وڵات بە نەوت و کەڵکوەرگرتن لە شتومەکە بیانییەکان کردووە.

ناوبراو کە لە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەمە لە دانیشتنی مەجلیسی خوبرەگان، باسی لە کێشەکانی وڵات کردبوو، بەڵێنی چارەسەرییانی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دابوو، بەڵام لە قسەکانی نەورۆزیدا خۆی لێ گێل کرد و وڵاتی ئێرانی بە وڵاتێکی بێوێنە و بەبێ کێشە لە قەڵەم دا.

ئەم قسانەی ڕێبەری ڕێژیم، لە حاڵێکدایە، کە سەرۆکی کۆمیتەی ئیمدادی ڕێژیم، لە ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕایگەیاندبوو، کە ٣٠ میلیۆنی حەشیمەتی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان، هەروەها ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران لە زستانی ئەمساڵدا، هەموو قسەکانی خامنەیی وەدرۆ دەخاتەوە.