کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی نەورۆز لە لایەن کۆمکار لە ئاڵمان بەڕێوە چوو

19:22 - 2 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان، لە ڕێوڕەسمی جێژنی نەتەوەیی نەورۆزدا بەشداری کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە شاری کوڵنی وڵاتی ئاڵمان ڕێوڕەسمی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز، لە لایەن کۆمکارەوە بەڕێوە چوو، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، له ئاڵمان بە سەرپەرەستیی شەهریار نەقشبەندی لەو ڕێوڕەسمە بەشداری کرد و بەو بۆنەوە پەیامێک لە لایەن بەرپرسی شاندەکە پێشکەش کرا.

نەقشبەندی، لە پەیامەکەیدا وێڕای پیرۆزبایی جێژنی نەورۆز لە بەڕێوەبەران و ئامادەبووانی جێژنەکە، ئاماژەی بە دۆخی ئێستای بزاڤی کورد لە چواربەشی کوردستان و بەتایبەت داگیرکردنی عەفرینی لە لایەن حکوومەتی تورکیەوە کرد و وتی: گەلی کورد لە مێژووی خۆیدا زۆر جار تووشی داگیرکاری، ستەم و چەوسانەوە هاتووە، بەڵام هەرگیز کۆڵی نەداوە. داگیرکردنی عەفرین لە لایەن حکوومەتی تورکیەوە، بە واتای کەوتنی عەفرین نییە، دار زەیتوونەکانی عەفرین ڕەگیان لە نێو قووڵایی خاکی کوردستاندایە، هەر وەک چۆن ئێمەش لە وڵاتی خۆمان ڕیشەمان داکوتاوە و هەرگیز لە بن ناین. هەردوو حکوومەتی داگیرکەری پاشایەتی و ئاخوندی بە هەموو هێزی خۆیانەوە، لە هەوڵی سڕینەوەمان بوون، بەڵام هەرگیز نەیانتوانی و ناتوانن. ئێمە لە کەرکووین، لە عەفرینین، لە دیاربەکر و کرماشانین و هەرگیز چۆک بۆ دوژمنان دانادەین. بە ناوی خەباتی شاخ و شاری ڕۆژهەڵاتەوە سڵاو دەنێرین بۆ پێشمەرگە و خەباتکارانی هەر چواربەشی کوردستان، سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی سەربەرزی گەلەکەمان و بەتایبەت شەهیدانی عەفرین.