کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لە شاخەکانی کوردستان بەرز ڕاگیرا

22:04 - 2 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بەشێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، جێگیر لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە شادی و خۆشی پێشوازییان لە ساڵی نوێی کوردی کرد.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی، ٢٩ی ڕەشەمه و لە دواساتەکانی ساڵی ڕابردوو، خاکیپۆشەکانی هێزی تایبەت لە شاخەکانی کوردستان بە کردنەوەی ئاگر و هەڵپەڕکێ، ساڵی ٢٧١٨ی کوردییان پیرۆز کرد.

ئەو پێشوازییە گەرموگوڕەی کۆڕی پێشمەرگەکان لە ساڵی نوێدا، لە بنکەیەکی هێزی تایبەت و لە کەشێکی زستانەی شاخە بە بەفرینەکان بەڕێوەچوو و شادی و خۆشی تێکەڵ بە هیوای گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا.

لەو کۆڕە دۆستانەیەدا، سەرەتا بە یاد و ڕێزگرتن لە شەهیدانی حیزب و گەل بە تایبەتی شەهیدانی ڕاسان، ساتێک بێ دەنگی ڕاگیرا و دواتر پێشمەرگەکان وێڕای پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێی هەتاوی لەیەکتری، دەس کرا بەو ڕێوەڕەسمە شادی بەخشە.

کورتەیەک وتە لەسەر نەورۆزی کوردەواری و هێما بۆ نەورۆزی خاکیپۆشەکان لە لایەن غاڵب حەبیبی، کادری سیاسیی هێزی تایبەت پێشکەش کرا.

نێوئاخنی ئەم ڕێوڕەسمە بریتی بوو لە کێبڕکێ لەسەر زانیاریی گشتی، بەسەرهاتی خۆش، یاری کوردەواری و کۆبوونەوە لەسەر سفرەی ڕازاوەی نەورۆز.

ئەو ڕێوڕەسمە تا درەنگانی شەو بە شایی و هەڵپەڕکێ درێژەی کێشا.