کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزب کۆچی دوایی کرد

16:27 - 3 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: کەسایەتی ناسراو و پێشمەرگەی دێرینی ناوچەی دۆڵ سەر بە شاری ورمێ، یوسف ڕەزمجوو کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یوسف رەزمجو ناسراو بە یوسف مامەدی بە هۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو لەگەڵ کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی رێژیمی پاشایەتی و ئاشکرا بوونی دووبارەی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکەم کەس بوو لە ناوچەی دۆڵ کە پەیوندی بە حیزبی دێموکراتەوە گرت و چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان.

دواتر لە سەر داوای خۆی لە هێزی شەهید حاتەم سازمان درا؛ بە هۆی زیرەکی و لێهاتووییەوە وەکوو سەرپەل دیاری کرا و ئەرکە پێئەسپێردراوەکانی بەوپەڕی لێهاتووییەوە بە ئەنجام گەیاند.

دواتر لە سەر داوای خۆی و بە ئیزنی حیزب گەڕایەوە نێو ماڵ و منداڵی بەڵام هەتا دواهەناسەکانی ژیانی وەفادار بە رێبازی شەهیدان و دێموکرات مایەوە، هەر بۆیەش کاک یوسف هەمیشە لە نێو خەڵکی ناوچەی دۆڵ و ئەنزەلی سۆما ڕێزی تایبەتی هەبوو و خەڵک ڕێزیان لێ دەگرت.

تەرمی کاک یوسف لە نێو ئاپۆڕەی خەڵکی ناوچەی دۆڵ لە گوندی زێوە ئەسپاردەی خاکی پیرۆزی نیشتمان کرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.