کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ئیزننامەی \"ئینتێرنێتی ئازاد\" بۆ ئێرانی دەرکرد

16:48 - 3 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: نووسینگەی کۆنترۆڵی داراییە دەرەکییەکانی ئامریکا ناسراو بە ئۆفێک ئیزنی دانی ئینتێرنێتی خۆڕایی لە ئێرانی بە کۆمپانیاکان دا.

بەپێی هەواڵێک کە لە باڵوێزخانەی مەجازی ئامریکا لە ئێران، بڵاو کراوەتەوە ئەم بڕیارە لە ڕاستای پێبەندی ئامریکا بۆ پشتیوانی لە مافی ئازادی ڕادەربڕینی خەڵکی ئێران ئەنجام دەدرێت.

لەم هەواڵەدا هاتووە خەڵکی ئێران مافی ئازادی بەیانیان هەیە و ئامریکا دەیهەوێ دڵنیا بێت لەوەیکە ئەم مافە بە گەلانی ئێران دەدرێت؛ مافێک کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە خەڵک ئەستێندراوەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم هەواڵەدا ئاماژە بە قسەکانی وەزیری خەزێنەداری ئامریکا، ستیڤ مێنۆچێن کراوە کە وتوویەتی: ڕێژیمی ئێران نیشانی داوە کە گرینگی بە ئازادییە بنچینەییەکانی وەک ئازادی دەربڕین، ئازادی کۆبوونەوە و ئەنجومەنەکان نادات؛ ئەم ڕێژیمە بە سنوردارکردنی خزمەتگوزارییە سەتەلایتییەکان و ئینتێرنێت هەوڵ دەدات پێوەندی نێوان خەڵکی ئێران و گەلانی جیهان بپچڕێنێت.

لە کۆتاییشدا هاتووە: ئامریکا خۆی بەرامبەر بە ئازادیخوازانی ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت و لەم ڕاستایەدا هەموو هەوڵێک دەدات.