کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاودەنگیی ئامریکا و عەرەبستان بە دژی ڕێژیمی ئێران

17:06 - 3 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: وەلیعەهدی عەرەبستان، لە سەردانێک بۆ ئامریکا لەگەڵ سەرکۆماری ئەو وڵاتە، لەسەر بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران وتووێژیان کردووە.

وەلیعەهدی عەرەبستان، محەممەد بن سەلمان، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی مارسی ٢٠١٨ی زایینی، سەردانی ئامریکای کردووە و لەگەڵ دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئەو وڵاتە، لە کۆشکی سپی دانیشتنیان هەبووە، لەو دانیشتنەدا سەرەڕای باس لە پەیوەندییەکانی هەر دو وڵات، ئاماژە بە ڕێژیمی ئێران و کردەوەکانی لە ناوچەکەدا کراوە.

محەمەد بن سەلمان و ترامپ، لەسەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و کردەوە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە وتووێژیان کردووە و جەختیان لەسەر ئەوە کردووە، کە دەبێت لە بەرامبەر ئەو ڕێژیمە بە هەموو شێوەیەک ڕاوەستن و لەسەر ئەمنییەتی ناوچەکە باسیان لەوە کردووە، کە ڕێژیمی ئێران و سپای پاسدارانی ئەو ڕێژیمە، هۆکاری سەرەکیی نائەمنی و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.

هەر دوو لایەن لەسەر چارەسەریی کێشەکانی ناوچەکە و شەڕی یەمەن، کە دەستی ڕێژیمی ئێرانی تێدایە، ڕیککەتوون و بڕیارە لەو بارەوە هاوکارییەکانیان زیادتر بکەنەوە، هەتا کردەوە تێرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا بنبڕ بکرێت؛ وەلیعەهدی عەرەبستان بۆ ماوەی سێ حەوتوو لە ئامریکا دەمێنێتەوە و لەگەڵ زۆربەی بەرپرسانی ئامریکایی دانیشتنی دەبێت.

عەرەبستان، بە بەردەوامی سەبارەت بە کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە، هۆشداری داوە و لە هەوڵدایە کە پاشەکشە بە ڕێژیمی ئێران بکات و بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت و ئەو وڵاتە وەکوو هاوپەیمان بە بەردەوامی هاوکاریی ئامریکای کردووە.