کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندیی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران سپاسنامەیەکی بڵاو کردەوە

17:39 - 3 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بەمەبەستی ڕێزگرتن لە خەڵکی کوردستان لەهەمبەر بەڕێوەبردنی بەشکۆی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز، ناوەندیی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران سپاسنامەیەکییان ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە.

دەقی سپاسنامەکەیان بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییە بەڕێزەكان

خەڵكی خەباتگێڕی رۆژهەڵاتی كوردستان


لە لایەن ناوەندیی هاوكاری حیزبە سیاسییەكانی كوردستانی ئێرانەوە، بە دڵ سپاسی هەموو لایەك دەكەین كە لە ئاستێكی بەرزی نەتەوایەتیدا، بە دەم بانگەوازی ئێمەوە هاتن و ئەمساڵیش بەشکۆوە، مەراسیمی چوارشەممەسووری و جەژنی پیرۆزی نەورۆزتان، بەڕێوە برد. سەرەڕای ئەوەی ڕێژیم هەوڵی دا ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بە دەوڵەتی بکرێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

ئێمە وەكوو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران، وێڕای جەژنە پیرۆزە بە بۆنەی دەسپێكردنی ساڵی نوێی كوردی، ئەوە وەبیر دێنینەوە كە یەكدەنگی و یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكان و پاڵپشتی كردنی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بە گشتی دەتوانێت وەك باسكێكی بەهێزی نەتەوەیی بە گژ رێژێمی داگیركەری ماف و ئازادییەكانماندا بچێتەوە و هاوكات لە هەموو ئەگەرێكی سەخت و دژواردا وەكوو ئیرادەی تاك و كۆمەڵگای كوردی، هەموو كات بۆ پرسی نەتەوە و پاراستنی بەرگری لە چارەنووسی نەتەوەی كورد، لە مەیدان ئامادە بێت.

هەروەك دەزانین سەرەڕای نەهامەتییەكانی نەتەوەكەمان لە باشوور و ڕۆژئاوای نیشتمانمان و كارەساتی دڵتەزێنی بوومەلەرزەی كرماشان و كوشتار و ئێعدامی رۆژانەی لاوان و كاسبكارانی كورد، لەلایەن رێژیمی دژە مرۆڤایەتی كۆماری ئیسلامی، بەرەو پیری نەورۆز و ساڵی نوێی كوردی چووین و جەژنی نەورۆزیش لە ئاستێكی سەرانسەری و نەتەوەیی لە هەموو شار و شارۆچكە و گوندەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بە جلوبەرگی کوردی و جامانە و هەوری و گووڵی سوور، کە داوای ئێمە بوو بەڕێوە چوو.

نەورۆز وێڕای رەهەندی كلتووری و بۆنەیەكی شادی، هێما و سیمبۆلی خۆڕاگری و رۆژی بەگژداچوونەوەی زاڵم و ستەمكارە و خەڵكی وشیاری كوردستانی ئێران زۆر بە جوانی ئەو پەیامەیان بە گوێی دەسەڵاتی ملهۆڕی ئێراندا هەڵێنایەوە.

حكوومەتی ئێران وەك سیاسەتی هەمیشەیی ویستی بە ئامرازی سەركووت و ترساندن و تۆقاندن، بەرەوڕووی خەڵك ببێتەوە، بەڵام خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان لە چەندین شوێن، بۆ نموونە شارەدێی نێ لە مەریوان بەرەوڕوویان بوونەوە و بە هەستێكی شۆڕشگێڕانە و نەتەوەیی جەژنی نەورۆزیان كردەوە.

ئێمە، جارێكیتر پیرۆزبایی لە هەموو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەین و پەیمان لە گەڵ یەك دەبەستین كە لە هەموو دەرفەتێك بۆ یەكدەنگی بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، بۆ خاك و خەڵكی كوردستان كەڵك وەرگرین.

ناوەندیی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی