کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم پێشی بە بەڕێوەچوونی نەورۆز لە \"ئیندرقاش\" گرت

16:44 - 4 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: دەزگا و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شار و گوندەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشیان بە بەڕێوەچوونی ڕێورەسمی نەورۆز گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرەڕای ئامادەکاریی خەڵکی گوندی ئیندرقاشی شاروێرانی مەهاباد بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز، هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هاوکاریی بەکرێگیراوان پێشیان به بەڕێوەچوونی نەورۆز گرت.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، هێزە لیباس شەخسییەکان و پاسگای دارەلەک پێشیان بە بەڕێوەچوونی ئەو مەراسمە گرتووە.

هەروەها لە حاڵێکدا کە هەندیک لە چالاکانی فەرهەنگی سەقز دەیانهەویست لە ساڵحاوای ئەم شارە ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ بکەنەوە، چەکدارانی ڕێژیم ڕێگرییان لێکردن و ئیزنی بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمەیان پێنەدان.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هەموو توانایەوە هەوڵی خۆی وەگەڕ خست تاکوو پێش بە بەڕێوەچوونی نەورۆز لە کوردستان بگرێت، بەڵام سەرەڕای هەڕەشەکانی ڕێژیم ڕێوڕەسمی نەورۆز لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەشکۆ بەڕێوەچوو.