کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ١٠ تێرۆریستی سایبێری ڕێژیمی ئێرانی خستووەتە لیستەی گەمارۆکان

17:19 - 4 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا ١٠ هاووڵاتی ئێرانی و دامەزراوەیەکی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی تەحریم کرد.

بە پێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا لە ڕۆژی هەینی ٢٣ی مارسی ٢٠١٨ی زایینی، دامەزراوەیەک و ١٠ کەسی ئێرانی، کە هێرشی سایبریان کردووەتە سەر سەدان دامەزراوەی ئامریکایی و نێونەتەوەیی و زانیارییان دزیوە، لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکاوە خرانە لیستەی تەحریم.

وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا لەو پەیوەندییەدا، ئاشکرای کردووە کە بەشی چاودێری داراییەکانی دەرەوەی ئامریکا بە هاوئاهەنگی وەزارەتی داد، بە پێی یاسا، دەست بەسەر داراییەکانی ئەو کەسانە دەگرێت کە چالاکی تێکدەرانەی سایبێرییان کردووە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ئەو کەسانە، زۆر زانیاری بە نرخیان لە سەدان زانکۆی ئامریکا و کۆمپانیا و میدیاکانی ئەو وڵاتە دزیوە و لە ئامارێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ٣١ ترابایت زانیاری لە دامەزراوە زانستییەکان و ١٤٤ زانکۆی ئامریکایی و ١٧٦ زانکۆ لە سەرانسەری جیهان دزراوە.

ئەو دامەزراوە ئێرانییە کە یارمەتی ئەو کەسانەی داوە و ئاسانکاری بۆ کردوون کە چالاکی سایبێری بکەن، بریتییە لە دامەزراوەی مبنا.

شوناسی ئەو هەکێرانە بریتییە لە: غولامڕەزا ڕەفعەت نژاد، ئێحسان موحەمەدی، سەید عەلی میر‌کەریمی، عەبدوڵا کەریما، مستەفا سادقی، سەجاد تەهماسبی، موحەمەدڕەزا سەباحی، روزبە سەباحی و ئەبوزەر گەوهەری موقەدەم و بێهزاد مێسری.

بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە زانیارییە دزراوەکان لەلایەن ئەم کەسانەوە بە قازانجی سپای پاسداران کەڵکی لێوەرگیراوە.