کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری سلێمانی هێرش کرایە سەر ماڵی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات

17:46 - 4 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە هێرش کرایە سەر ماڵی ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند شەو لەمەوبەر و لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمە کەس یان کەسانێکی نەناسراو هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بەناوی روخزاد سلێمان پوور لە شاری سلێمانی کوردستانی باشوور و هەوڵی ئاگرتێبەردانی ماڵەکەیان داوە.

پێویست بە ئاماژەیە کە چەند شەو پێش ئەم ڕووداوە، تەقە لە ماڵی برایەکی ناوبراویش کراوە کە تا ئێستا ڕوون نییە بکەرانی ئەم ڕووداوانە کێ بوون.

ڕوخزاد سلێمان پوور کوڕی کۆچکردوو حەمەخان سلێمان پوور، خاوەنی چوار شەهیدی سەربەرزی حیزبی دێموکراتە و برای شەهیدان سەیفوڵا و ئەسەد سلێمان پوورە.

ئەم ڕووداوانە دوابەدوای ئەوە دێنە ئاراوە کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی زەخت و گوشاری بۆ ئەندامانی حیزبی دێموکرات، نیشتەجێ لە باشوری کوردستان هێناوە و هەر لەم ڕاستایەشدا ڕێکەوتی ١٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی تێرۆریستانی ڕێژیمی تاران لە شاری هەولێر بە دانانەوەی بۆمب لە نێو ماشینی کاک سەلاح ڕەحمانی ئەندامی چالاکی حیزب، بوونە هۆی شەهید بوونی کوڕێکی ناوبراو بە ناوی سەباح.