کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر قەیرانی ئاو لە ئێران

22:12 - 4 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی جیهانی ئاو، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا لە سەر قەیرانی ئاو لە جیهان هۆشداری دا.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتی ئورووپا، لە ڕۆژی جیهانی ئاو ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان لە سەر کەمبوونی ئاو و وشکەساڵی لە جیهان بڵاو کردەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە نزیک بە ١٢٤ میلیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا لەگەڵ قاتوقڕی بە دوای وشکەساڵی، بەرەوڕوو دەبن.

ڕۆژی ٢٢ی مارس، لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی ١٩٩٢، وەکوو ڕۆژی ئاو لە جیهان ناودێر کراوە و بە فەرمی لە هەموو وڵاتەکان داوا کراوە کە خەڵک لەبارەی چۆنیەتی بەکارهێنانی ڕێژەی ئاو و پێشگرتن لە کێشەی کەم‌ئاوی، ئاگادار بکەنەوە.

لە ڕیزبەندی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ناوی ئێران وەکوو یەکێک لەو وڵاتانەی کە بەرەوڕووی قەیرانی ئاو بوونەتەوە هاتووە و هۆشداری دراوە کە لە داهاتوودا ئەو قەیرانە زیاتر دەبێت و ئێران ڕۆژبەڕۆژ کەم‌ئاوتر دەبێ و دەبێتە یەکێک لە قەیراناوی‌ترین وڵاتانی جیهان.

ڕێژیمی ئێران چەندین ساڵە کە بەڕواڵەت هەوڵ دەدات قەیرانی ئاو لە ئێران چارەسەر بکات، بەڵام ڕێگەچارەکانی ڕێژیم نەتەنیا قەیرانی ئاویان کەم نەکردووەتەوە بەڵکوو، خەریکن سەرانسەری ئێران تووشی قەیرانی ئاو دەکەن، لە ئێراندا ناوچە فارس‌نشینەکانی نێوڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئێران، تووشی کەم ئاوی بوون.

زیاتر لە ٥٠ لەسەدی سەرچاوە ئاوییەکان لە سەرانسەری ئێران لە کوردستاندایە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش بە ئاگاداری لەو بابەتە، بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی ئاو لە بیاوانەکانی ئێران، بە گواستنەوەی ئاوی کوردستان بەو ناوچانە دەیانهەوێت، چارەسەری بکەن.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، رێژیم دەستی کردووە بە بەنداو ساز کردن لە کورستان و ڕاکێشانی هێڵی ئاو لە کوردستانەوە بۆ شارەکانی دیکەی ئێران، کە ئەم مەسەلە لە داهاتوویەکی نیزیکدا کوردستان تووشی قەیرانی ژینگەیی و مرۆیی قووڵ دەکات کە ڕەنگە قەرەبووکردنەوەی زۆر ئەستەم بێت.

کارناسان و چاوەدێرانی کاروباری کوردستان پێیان وایە بەپێی پیلانگێڕییەکانی ڕێژیمی تاران لەدژی کوردستان، لە داهاتوودا پرسی ئاو لەم هەرێمە دەبێتە پرسێکی یەکلاکەرەوە.