کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڵەی جودایی تێکەڵ بە ناڵەی کوردستان بووە

18:17 - 5 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: کتێبی ناوازەی ناڵەی جودایی مامۆستا هێمن، شاعیری گەل بۆ جارێکی دیکە لە چاپ درایەوە.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ڕێوڕەمسمێکدا کتێبی ناڵەی جودایی بەرهەمی مامۆستا هێمن، بۆ جارێکی دێکە لە چاپی نوێی ئەو کتێبە لە ساڵۆنی وەحدەتـی شاری مەهاباد بە بەشداریی نووسەران و ئەدیبانی کورد ڕوونوێنی لێکرا.

لە چاپی نوێی کتێبی ناڵەی جودایی‌دا سەرجەم هەڵە ڕێنووسی و ڕێزمانییەکان ڕاست کراونەتەوە و بۆ ئەو کارەش لە دیکلمەی خودی مامۆستا هێمن کەڵک وەرگیراوە کە ئەو دیکلەمەیەی مامۆستا هێمن ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لە لایەن مەناف ئیران پەناهەوە تۆمار کراوە.

کتێبی ناڵەی جودایی بەرهەمی پڕنێوەڕۆکی مامۆستا هێمن بۆ یەکەم جار لە بەغدا پێتەختی عێراق چاپ کراوە و لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییە تا ئێستا چەندین جار چاپ کراوەتەوە، چاپی نوێی ئەو کتێبە ٢٥٦ لاپەڕە لەخۆ دەگرێت.

محەممەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری ناسراو بە ھێمن یان ھێمن موکریانی بەھاری ١٣٠٠ی هەتاوی لە شاری مەھاباد لەدایک بووە و یەکێک لە شاعیر، نووسەر و وەرگێڕانی گەورەی کورده.

مامۆستا هێمن لە لایەن دوکتور عەبدلڕەحمان قاسملووەوە بە شاعیری گەل ناسراوە.