کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە سوئید بەڕێوە چوو

16:58 - 6 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ڕێوڕه‌سمی ١٠ی خاکەلێوە، ساڵڕۆژی شه‌هیدانی کوردستان، له‌ شاری یۆتۆبۆری سوئید به‌ڕێوه ‌چوو.

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی سوئید لە شاری یوتوبۆری، بە هاوکاریی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی، یەکیەتیی کوردان و ئابی ئێف لەو شارە سێمینارێک لەسەر ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان و بارودۆخی کورد بەگشتی بەڕێوە چوو.

ئەو ڕێوڕەسمە بە کۆڕگێڕیی بابا عەلی مێهرپەروەر کەسایەتی ناسراوی گەلەکەمان و دوکتور ئیدریس ئەحمەدی ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە بواری سیاسی بەڕێوە چوو.

لەو سێمینارەدا بەشێکی بەرچاو لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی کورد و کوردستان، ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی و بەگشتی کوردانی هەر چواربەشی کوردستان بەشدار بوون.

سێمینارەکە به‌ سروودی نه‌ته‌وەیی ئه‌ی ڕه‌قیب و خوله‌کێک بێده‌نگی بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاکی شه‌هیدانی ١٠ خاکەلێوە و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان ده‌ستی پێکرد.

پاشان پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی یۆتۆبۆری، لە لایەن بەرپرسی کۆمیتە ئەنوەر مەحموودزادەوە پێشکەش کرا، کە لە نێوەڕۆکی پەیامەکەدا ئاماژە بە فەلسەفەی جەوهەری حیزبی دێموکرات کرا، کە لەسەر ئەساسی هەستی نەتەوەیی دامەزراوە و بەکردەوە بۆ ئەم بیرۆکە هەنگاوی هەڵگرتووە.

دواتر بابا عەلی مێهرپەروەر و دوکتور ئیدریس ئەحمەدی باسەکانیان پێشکەش کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا باباعەلی باسێکی مێژوویی و زانستیانەی لەسەر بارودۆخی ئەو کاتی کوردستان بەگشتی و کوردستانی ڕۆژهەلات بەتایبەتی و هۆکارەکانی کەوتنی کۆمار و دووپاتبوونەوەی مێژوو بە شێوەیەکی نوێ کرد.

مێهرپەروەر لە وتەکانیدا هەم ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و هەم ڕووخانی ئەم کۆمارەی بە دوو خاڵی زۆر گرینگ وەسف کرد و کەسایەتی نەمر پێشەوا و هاوڕێیانی و بیری نەتەوەیی، ڕۆڵی ڕێبەرایەتی کردنی پێشەوای لەو سەردەمە ئەستەمەدا بەهێز وەسف کرد و گەورەیی، زانایی و نەترسی شەهید قازی محەممەدی بەرز نرخاند.

پاشان دوکتور ئیدریس ئەحمەدی باسێکی ئاکادمیکی لەسەر سیاسەتی زلهێزەکان و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانیان و هەروەها هەلومەرجی ئێستەی هەر چواربەشی کوردستان و باوەڕبەخۆبوون و هیوابەخشین بە داهاتووی بە شێوەیەکی سەردەمیانە بە وردی هێنایە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

ئەحمەدی لە درێژەی قسەکانیدا لەسەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی دەوروبەری و سیاسەتی زەبروزەنگ و بێدەنگ‌ کردنی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە نێوخۆی ئێرانی کرد، کە ئیتر تەحموڵ ناکرێت.

ناوبراو سەرهەڵدانەکانی ٢٠٠٩ی کە لەژێر ناوی باڵی سەوز و سەرهەڵدانەکانی ئەم دواییەی ٢٠١٧، کە بەشی هەرە زۆری ئێرانی گرتەوە و داوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامیان دەکرد، بە جیاوازییەکی زۆر وەک فاکتەرێکی بەهێز هێنایەوە.

ئەحمەدی ئاماژەی بە ڕاسانی ڕۆژهەلات و قۆناغێکی‌ تر لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد، کە لە لایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتەوە پێشوازی لێ کراوە و بۆ ئەو باسەش گەلێک فاکتی گرینگی خستەبەر دیدی بەشداربووان.

لە تەوەری دووهەمی ئەو سێمینارەدا، لە لایەن بەشداربووانی ئەو یادە، کۆمەڵێک پرسیار ئاراستەی کۆڕگێڕان کرا، کە لە لایەن ناوبراوان بە وردی وڵامی پرسیارەکانیان درایەوە.

بۆ ڕێزگرتن له‌ کۆڕگێڕانی ئەم سێمینارە و سەرجەم بنەماڵەی شەهیدان داوا لە خاتوو شیرین جەلالی، موژدە حەیدەری و شاهۆ ئیبراهیمی کرا، بۆ بەخشینی گوڵ، کە لە لایەن کۆمیتەوە ئامادە کرابوون، بەشداری بکەن و بە بەڕێزانی کۆڕگێر و سەرجەم بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و بەشداربووانی ئەم یادە مێژووییە، بەبێ جیاوازی ببەخشرێت.