کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‎بەشداری شاندێكی كۆمیتەی گشتی حیزب لە سوئێد لە ساڵیادی دامەزرانی حیزبی شیوعی كوردستاندا

15:48 - 7 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی كۆمیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی سۆئێد بەشدارییان لە ٨٤ەمین ساڵی دامەزراندنی حیزبی شیوعیدا کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ٢٥ی مارسی ٢٠١٨ی زایینی، شاندێكی كۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکرات لە شاری ستۆكهۆڵم بەشدارییان كرد لە ٨٤هەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی شیوعی كوردستانی عێراق.

‎لەم مەراسمەدا وێڕای ئەندامانی سەركردایەتی و ئەندامانی حیزبی شیوعی، نوێنەری باڵوێزخانەی عێراق، نوێنەری كۆمیتەی هاوكاری هێزە سیاسییەكانی كورد و كوردستانی لە سۆئێد، نوێنەرانی پارت و ڕێكخراوە سیاسییە كوردستانی و عێراقییەكان و نوێنەری حیزبی كۆمۆنیستی سۆئێد بەشدار بوون.

‎هەریەك لە لایەنە سیاسییەكان وتار و پەیامیان بەو یادە پێشكەش كرد کە یەك لەوانە برووسكەی پیرۆزبایی كۆمیتەی گشتی حیزب بوو كە لەلایەن بەڕێوەبەرانی مەڕاسیمەكەوە خوێندرایەوە.

‎لە برووسكەكەدا وێڕای پیرۆزبایی كردن، پێداگری لەسەر درێژەدان بە پەیوەندی لەمێژینە و دۆستایەتی نزیكی نێوان هەردوو حیزب كرابۆوە.

‎شایانی باسە كە (حیزبی شیوعی كوردستان -عێراق) لە یەکەمین کۆنگرەی حیزبی شیوعی عێراقدا لە ساڵی ١٩٤٥ی زایینیدا بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە نەتەوەییەکان، بەناوی لقی کوردی حیزبی شیوعی عێراق ڕاگەیەنراوە و مافی دانانی بەرنامە ‌و پێڕەوی ناوخۆی پێدراوە، پاشان بوو بە لقی کوردستان و ئێستاش هەردوو حیزب بەیەكەوە ساڵیادی دامەزرانیان جێژن دەگرن.