کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک لە سەر بارودۆخی کوردستان لە سێنای فەرانسە

23:20 - 11 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بە دەستپێشخەری ئەنستیتۆی کورد لە پاریس، سێمینارێک لە سەر بارودۆخی ئێستای کوردستان بە گشتی بەڕێوەچوو کە چەندین کەسایەتی کورد و فەرانسەیی تێدا بەشداری بوون و دوکتور ئیدریس ئەحمەدی ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسێکی لە سەر بارودۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشکەش کرد.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە پاریس، پێتەختی وڵاتی فەرانسە سێمینارێک لە سەر ناوی کوردستان پاش سەرکەوتن بە سەر داعشدا بە دەسپێشخەری ئەنستیتۆی کورد بەڕێوەچوو.

ئەم سێمینارە لە ٤ پانێلدا پێکهاتبوو کە هەریەکەو لە ڕوانگەیەکەوە بارودۆخی ئێستا کوردستانیان خستە بەر باس و شی کردنەوەی شارەزایان و خاوەن بیرو ڕایانی کورد و بیانی.

لە دەسپێکی سێمینارەکەدا ڕیمی فێرا شارەرداری شارەوانیی پاریسی ١٠، مەبەستی پێکهێنانی ئەو سێمینارەی باس کرد و دواتریش کەنداڵ نەزان باسێکی کورتی لە سەر چۆنیەتی ئەم سێمینارە بۆ ئاگاداری بەشداربوان خستە ڕوو.

پانێلی یەکەمدا که پێکهاتبوو لە ژێرار شالیان، ژێئۆپۆلیتیسیەن، فوئاد حوسێن بەڕێوەبەری دەفتەری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها عیسا یوسف فیلسووف کە هەر یەکەو لە ڕوانگەی پسپۆری خۆیەوە باسی باردودۆخی ئێستای کوردستانی کرد.

پانێلی دووهەم بە بەشداری ٤ کەس، ستێفان برێتان ئانترۆپۆلوگ، پاتریس فرانسیسکی نووسەر، سێوە ئیزۆلی پارێزەر و کەسێکیش بە هۆی نەهاتنی خالید عیسا نوێنەری ڕۆژئاوا بە وەکاڵەت بەرێوەچوو و خاتوو جۆیس بلوو بەڕێوەبەری مێزگردەکە بوو.

لە پانێلی سێهەم کە لە سەر سەردێری بارودۆخی کوردستانی ئێران و تورکیە بەڕێوەچوو دوکتور ئیدریس ئەحمەدی مامۆستای زانکۆی کارلستاد، عوسمان بایدەمیر نوێنەری شاری ئورفا لە پارلمانی تورکیە، نەسرین ناس ئابووریناس و چەنگیز گونێش لە زانکۆی ئۆپینی لەندەن بەشدارانی مێز گردەکە بوون کە حەمید بۆز ئەرسەلان بەڕێوەبەری پانێلەکە بوو.

لەم پانێلەدا دوکتور ئیدریس ئەحمەدی کە لە کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێراندا وەکوو ئەندامی ناوەندی سیاسی ئەم حیزبە هەڵبژێردا لە سەرەتا دا باسی لە دەستپێکردنەوەی خەباتی نوێ ڕۆژژهەڵاتی کوردستان دژی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە بە ڕاسان ناسراوە.

ئەحمەدی لە درێژەی وتارەکەیدا باسێکی لە مێژووی خەباتی حیزبی دێمۆکرات لە سەرەتای دەسپێکی کۆماری کوردستان لە مەهاباد کرد و گەیشتە ڕاسانی ئەمرۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات.

ئەحمەدی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕووداوە ناخۆشەکانی ئەم دوایانەی شاری کەرکووک لە باشووری کوردستان و هەروەها عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی باس کردن لە کوردستان بە بێ لە بەرچاوگرتنی بارودخی کوردستان بە گشتی، واتە هەر چوار بەشی کوردستان ئاستەمە و لێک نزیک بوونەوە و هاوکاری گشت لایەنەکان و پارچەکانی کوردستان بە مەرجی یەکەم و سەرەکی بۆ خەباتی داهاتووی کوردستان زانی.

ئەو ئەندامەی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گوتی: چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە ئێران، تورکیە،عێراق و سووریە بە بێ بەرینتر کردن دێموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیمکانی نیە و بەتایبەت ئەگەر بالانسی هێزەکانی نیزامی بە قازانجی دەسەڵاتداران بێت ئاسایش و ئاسودەیی درێژ خایەن دەستەبەر ناکرێ.

پاشان عوسمان بایدەمیر ئەندام پارلمانی تورکیەش باسی لە قەیرانی سیاسی و ئابووری تورکیە کرد و هەروەها باسی لە سەدان و هەزارن کەس لە ئەندامانی پارتەکەی کرد کە بە هۆی گووشارەکانی حکومەتی تورکیە بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و سیاسی دەستبەسەر کراون.

بایدەمیر لە قسەکانیدا گوتی: حیزبەکەی توانیویەتی لە هەڵبژاردنەکانی پێشتری وڵاتی تورکیەدا زیاتر لە ٨٠ کەس وەکوو ئەندام پارلەمان بنێرێتە پارلەمانی تورکیە و لە کاتێکدا ئەوە سەرکەوتنێکی دێمۆکراتیک بوو بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیە بە بیانووی شەڕ دەستیان داوەتە سەرکوت و دەسبەسەر کردنی بە لێشاوی خەڵک کە لە ١٠٢ شارەرداری شارەوانیە کوردەکان ٩٣ کەسیان ئێستا لە زینداندا دەسبەسەر کراون.

پانێلی چوارەمییش پێکاتبوولە ئێستێر بێنباسا سێناتۆر، ڕێمی فێرا شارەداری پاریسی ١٠، ئۆلیویێەر لێئۆنار سێناتۆر، کە دکتور کەنداڵ نەزان بەرێوەبەری ئەم پانێلە بوو.

شایانی باسە کە وەکوو پێشتر ڕاگەیندراوبوو دەبوا بێرنار کووشنەر و ژان کریستیان لاگاردیش بەشداری پانێلەکە بن بەڵام ئەم دوو کەسە به هۆی هەندێک کێشەوە نەیان توانی بەشداری مێزگردەکە بن.

لە کۆتایی ئەو سێمینارەدا بێرنار هێنری لێڤی فیلسوف و فیلمسازی دۆستی کوردان باسێکی لە سەر بارودۆخی کوردستان کرد و گوتی هیوای بە دوارۆژێکی ڕوون بۆ کوردستان و سەربەخۆیی هەیە.