کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک لەبارەی کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات لە سوئێد بەڕێوەچوو

16:44 - 12 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: سێمینارێکی تەشکیلاتی نیسبەت بە کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات لە شاری ستۆکهۆڵم پێتەختی وڵاتی سوئێد بەڕێوەچووه.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، بەبەشداری مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی، کاکەبرا ئەلیاسی بەرپرسی کۆمیتەی سۆئێد و زۆربەی ئەندامانی حیزب لە شاری ستۆکهۆڵم، کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەو شارە سێمینارێکی تەشکیلاتی بۆ عەلی عەبدیلزادە نوێنەری تەشکیلاتی وڵاتی سۆئێد بۆ کۆنگرەی شانزدەهەمی حیزبە، پێکهێنا.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

عەبدیلزادە بە وردی باسی لە باسە گرینگەکانی ناو کۆنگرە کرد و بە نیشاندانی چەندین ئامار، لە ڕێژە و چۆنیەتی پێکهاتەی ئەندامانی کۆنگرەوە دوا. لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا بڕگە گرینگەکانی ئاڵوگۆڕ لە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزب و هەروەها ڕاپۆرتی سیاسی کۆنگرە خرایە ژێر تیشکی لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکاری لەنێوان دوو کۆنگرەی ١٤ و ١٥ لەگەڵ کۆنگرەی شازدەهەمدا.

لە تەوەرێکی دیکەی سێمینارەکەدا، عەبدیلزادە بە وردی چووە سەر باسی گەڵاڵەی پێکهاتەی نوێی حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی ئەو گەڵاڵەیە و بەراوردی لەگەڵ پێکهاتەی کۆنی حیزبدا شی کردەوە. هەروەها نیسبەت بە قەوارەی نوێی حیزب دوا و بە ڕوونی ئەرک و دەسەڵاتەکانی هەر یەک لە ناوەندی سیاسی، لێپرسراوی گشتی، دەستەی کارگێڕی و ناوەندی بەدواداچوون و چاوەدێری بۆ ئەندامان شی کردەوە.

عەلی عەبدیلزادە، لە کۆتایی باسەکەشیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە باس و گفتۆگۆکانی ناو کۆنگرەدا و ئاڵوگۆڕی بۆچوون لە نێوان ئەندامانی بەشداری کۆنگرە، بەو ئاکامە گەیشتووە کە وێڕای ڕۆڵی تەشکیلات و ڕێبەری حیزبی دێموکرات بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی پێویست و وەڵامدەر بەپێی بارودۆخ و هەلومەرجی ناوچەیی و جیهانی، توانایی و لێوەشاوەیی ئەندامانی حیزبی بەرزنرخاند کە لەو قۆناخە هەستیارەی ئێستای خەباتماندا بە وزەیەکی زیاتر و باوەڕێکی پتەوترەوە ئامادەی درێژەدان بە ڕەوتی خەباتی نەتەوایەتی و ڕزگاریخوازین.

بڕگەی کۆتایی سیمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ پرسیار و تێبینی ئەندامانی حیزب کە دواتر لە لایەن هاوڕێ عەبدیلزادەوە وەڵامیان درایەوە.