کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردپا: دیمەنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٣٩٦دا

15:37 - 14 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ڕاپۆرتێکی شیکاری ـ ئاماریدا باسی لە ڕێژە و چۆنیەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران کە تایبەت بە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوییە خستووەتە ڕوو.

ئەو ڕاپۆرتە بەپشت بەستن بەئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە و بەشێوەی ڕێژەیی و سەدی دەبێت.

ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردووەتە کە ٣ هەزار و ١٦٦ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێراندا ڕووی داوە کە بەبەراورد لەگەڵ ٥ ساڵی پێشتری زیادی کردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەو ئامارانە بەڵگەمەندن و له سەرچاوەی بەهێز و باوەڕپێکراوەوە وەرگیراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ساڵی ڕابردوودا ٢١٩١ حاڵەتی گرتن، کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەرانمان لە کوردستان هەبووە؛ هەروەها ٥٠ هاووڵاتی مەدەنی، گرووپێکی هەڵپەڕکێ، ٤٩ خوێندکار، ١٤ چالاکی مەدەنی، ٣ نووسەر، ٣ مامۆستا، ٣ چالاکی ژینگە، ٣ شاعێر، ٥ هەواڵنێر، ٨ چالاکی دنیای مەجازی، ٢ مامۆستای زانکۆ و کۆمەڵێک هونەرمەند و کەمینەی مەزهەبی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.

لە ساڵی ٩٦دا ٨١ هاووڵاتی کورد بە تۆمەتگەلی سیاسی – ئەمنیەتی لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە بە زیندانی درێژماوە و ناڕەوا مەحکوم کراون.

ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا باسی لەوە کردووە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە کوردستان، حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان زیاتر لەوەیە کە باسی لێوە دەکرێت، بەڵام به هۆی نەبوونی ڕێکخراوەیەکی تایبەت و دەسپێڕانەگەیشتن بە سەرچاوەکان ئاگاداریی زیاتر لەبەر دەستدا نییە.

دەقی تەواوی ئەو ئامارە لە بەشی فارسی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا دانراوە و کەڵک وەرگرتن لەو ئامارە به هێنانی ناوی سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.